هەڵسوکەوتێکی گاڤی، هانزی فلیکی شۆککردووە

27-01-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن هانزی فلیک گاڤی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، ستایشی هەڵسوکەوتێکی گاڤی دەکات لە یارییەکەی دوێنێ شەودا و دەڵێت ئەوەی ئەو کردی، بووە هۆی سەرسوڕمانم.
 
بارسێلۆنا، دوێنێ شەو لە گەڕی 21ی لالیگا و لە یاریگەی مونتوجویک، میوانداریی ڤالێنسیای کرد و بە ئەنجامێکی گەورە و 7-1 لەو یانەیەی بردەوە.
 
لە یارییەکەدا، هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، هەلی بەکۆمەڵێک یاریزانی لاوی تیپەکەیدا، تاوەکو لە یارییەکەدا بەشداربن و بەشێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی لە یەدەگ دانابوو، یەکێک لە یاریزانە یەدەگەکان، گاڤی بوو.
 
ئەگەرچی پێشبینیدەکرا گاڤی لانیکەم لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا بەشداری بکات، بەڵام ئەو یاریزانە بۆ تەنیا یەک خولەکیش بەشداریینەکرد، ئەوە بووە جێگەی پرسیاری رۆژنامەڤانان بەرامبەر فلیکی راهێنەر و هەمووان دەیانویست هۆکاری یارینەکردنی ئەو ئەستێرەیە بزانن.
 
هانزی فلیک لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا گوتی "زۆر دڵخۆشبووم بەوەی ئەمشەو گاڤی ئەنجامیدا، من لە دوایین 15 خولەکی یارییەکە باسی هێنانەناوەوەی ئەوم کرد، بەڵام ئەو پێی گوتم، راهێنەر، تکایە پابلۆ تۆرێ یاریی پێبکە".
 
فلیک دەڵێ، "ئەمە شتێکی نایابە، من زۆر گاڤیم خۆشدەوێت، ئەمە شتێکی زۆر جوانە لە تیپەکەت بیبینیت".
 
گاڤی، سەرەڕای بچووکیی تەمەنی، بەیاریزانێکی جەنگاوەر و رووحیەت بەرز ناسراوە، ئەو یاریزانە بە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی بارسێلۆنا دادەنرێت و چاوەڕێی داهاتوویەکی گەشی لێدەکرێت.
 
یانەی بارسێلۆنا دوای بردنەوەکەی دوێنێ شەو، لە پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگا مایەوە و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدریدی پێشەنگ کردە 7 خاڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە