ڤیدیۆ؛ کۆتینیۆ قسە بۆ رووداو دەکات: بارسێلۆنا هەمیشە لەدڵمدایە

رووداو دیجیتاڵ

کۆتینیۆ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەکانی لیڤەرپوول و بارسێلۆنا و ئێستای یانەی دحێلی قەتەری، لە دەوحە قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند پەشیمان نییە لەوەی هاتووەتە خولی قەتەری. گوتیشی "بارسێلۆنا ئەو یانەیە بوو کە خەونم بەوەوە دەبینی یاری بۆ بکەم و ئەو خەونەم هاتەدی".
 
محەممەد کارێزی، نێردراوی رووداو بۆ جامی ئاسیا، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، خۆی گەیاندە لای کۆتینیۆ و چەند پرسیارێکی لێکرد.
 
کاتێک رووداو لێیپرسی، بۆچی پەیوەندیت بە یانەی دحێلەوە کرد؟ ئەستێرەی بەرازیلی، لە وەڵامدا گوتی "چونکە، سەرۆک هاتە لام و قسەی لەگەڵدا کردم، یانەکەم داوایان لێکردم بێمە ئێرە".
 
ئەو باسی ژیانی خۆی لە قەتەر بۆ رووداو کرد و گوتی " ئەمە وڵاتێکی زۆر خۆشە و من و خێزانەکەم لێرە زۆر دڵخۆشین، بۆیە کارە راستەکە ئەوەبوو کە بێینە ئێرە". 
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا، کۆتینیۆ باسی یانەی بارسێلۆنای کرد و گوتی "بارسێلۆنا ئەو یانەیە بوو کە خەونم بەوەوە دەبینی یاری بۆ بکەم. من زۆر هاوڕێم لەوێ پەیداکرد و زۆرترین هەوڵی خۆمم دا". 
 
کۆتینیۆ زیاتر باسی بارسێلۆنای کرد و گوتی "لەوانەیە باشترین کاتەکانی کاروانی وەرزشیم لەوێ بەڕێنەکردبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە یادەوەری خۆشم لەگەڵیاندا هەیە، وەک بردنەوەی نازناوەکان. من زۆر هاوڕێی باشم لەوێ ناسی و ئەو یانەیە بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە". 
 
ئەستێرە بەرازیلییەکەی یانەی دحێل، هەروەها باسی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیشی کرد، کە چەند مانگێک بەشێوەی خواستن یاری بۆ کرد و لەگەڵیدا جامپیۆنزلیگی بردەوە، گوتی "بایرن میونشنیش بەهەمانشێوەیە، لەوێ لەگەڵ زۆر یاریزانی باش یاریم کرد و زۆر هاوڕێی باشم پەیداکرد، زۆر نازناویشمان بەدەستهێنا. هەردوو یانە لە نێو دڵمدان".