لێدوانی راهێنەران.. ئەنچێلۆتی و چاڤی بردنەوەیان دەوێت

27-01-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو لە گەڕی 22ـی لالیگادا، بارسێلۆنا و ریال مەدرید یاری دەکەن، ریال مەدرید دەبێتە میوانی لاس پاڵماس و هەوڵدەدات بە بردنەوە پێشەنگی خولەکە لە جیرۆنا وەربگرێتەوە. بارسێلۆناش میوانداریی ڤیاریال دەکات و هەوڵدەدات بە بەدەستهینانای سێ خاڵی یارییەکە شکستەکەی جامی شای ئیسپانیا لەبیر هاندەرانی بباتەوە.
 
راهێنەری هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیاندا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە پوختەی قسەکانیان بەمشێویە بوو:
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
ئەم یارییە دەکرێت قورس بێت، چونکە لاس پاڵماس زۆر بەباشی یاری دەکات. ئەوان بە باشی هێرش دەکەن و بەرگرییەکی باش دەکەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەم یارییە قورس دەبێت، بەڵام پاڵنەرێکمان هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە بەرزترین ئاستی خۆماندا یاری بکەین. دەبێت تووندتر بین. بەڵام ئەم هەفتەیە بۆ ئێمە باش بوو، زیاتر پشوومان وەرگرت.
 
براهیم دیاز دەتوانێت شوێنی بێلینگهام بگرێتەوە، بەڵام دەتوانین بوونی خۆسێلۆش هەڵسەنگێنین، دەکرێت ئەویش بژاردەیەکی دیکە بێت بۆ جێگرتنەوەی بێلی. پێشتر چەند جارێک توانیومانە قەرەبووی ئامادەنەبوونی یاریزانە گرنگەکان بکەینەوە، ئەم یارییە جارێکی دیکەش قەرەبووی دەکەینەوە.
 
رۆیشتنی کڵۆپ لە لیڤەرپوول؟ بەڵێ زۆر سەرسوڕهێنەرە، بەڵام لەوە تێدەگەم کە ئەمە دەکرێت هەندێکجار رووبدات. ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ یەک تیپ و هەمان یاریزان کاربکەیت، دەکرێت پاڵنەرەکانت کەمببنەوە، پێموایە ئەوە لەگەڵ کڵۆپ لە لیڤەرپوولدا روویداوە، کە لەوێ کارێکی نایابی کرد و تاوەکو ئێستاش کارێکی نایاب دەکات. من رێز لە بڕیارەکەی دەگرم، ئەو راهێنەرێکی گەورەیە و بەردەوام دەبێت لە راهێنەرایەتی و بەشدارییەکی زیاتر لە تۆپی پێدا دەکات.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا:
 
من هەمیشە بە ئەرێنی بیردەکەمەوە، باوەڕم وایە هێشتا دەتوانین لە لووتکەی خولی ئیسپانیا بین، دوو یاریی داهاتوو لە یاریگەی خۆمان ئەنجام دەدەین، پێویستە شەش خاڵەکە بەدەستبهێنین بۆ ئەوەی هەوڵبدەین لە ریزبەندییدا بەرز ببینەوە. ئەنجامی کۆتایی رکابەرییەکە تەنیا پشت بە ئێمە نابەستێت، بەڵکو نابێت شکست بهێنین، هەروەها چاوەڕێی چامپیونزلیگ دەکەین، بۆ ئەوەی بەرامبەر ناپۆلی یاری بکەین و بگەینە قۆناخی چارەکی کۆتایی، با بزانین. هیوادارین بتوانین ئەوە بەدەستبهێنین. من هێشتا ئەرێنیم. لە تیپەکەدا بەشی پێویست یاریزانمان هەیە بۆ ئەوەی لە دوو پاڵەوانێتیدا رکابەری بکەین، بەڵام با بزانین تاوەکو چەند دەتوانین بچینە پێشەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە