ئەمشەو دوو گەورەکەی ئیسپانیا یارییان هەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو هەردوو گەورەکەی ئیسپانیا یاری دەکەن، ریال مەدرید بۆ وەرگرتنەوەی پێشەنگی لالیگا و بارسێلۆناش بۆ ئاشتکردنەوەی هاندەرانی، دوای ئەوەی بە شکستێکی گەورە لەلایەن ئاتلێتیک بیلباوەوە لە جامی شا دەرکرا.
 
ریال مەدرید میوانێکی قورس دەبێت بۆ لاس پاڵماس، ئەگەرچی ئەمەی دوایی وەرزێکی باش پێشکێش دەکات و پلەی هەشتەمی ریزبەندیی لالیگای گرتووە، تەنیا خاڵێکی ماوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی بەدەستهێنانی کورسییەکی خولەکانی ئەوروپا. 
 
ئەوان دەزانن ریال مەدرید واتا چی؟ بەڵام هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی بە پشتیوانی خاک و هاندەرانی مێژوویەک تۆماربکەن، چونکە مێژوویەکی هەژاریان بەرامبەر ریال مەدرید هەیە، کە پێشتر 69 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و یانەکەی پایتەخت 47 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لاس پاڵماس تەنیا 7 جار براوە بووە، 15 یاریی نێوانیشیان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
لاس پاڵماس دوایین دوو یاریی خۆی لە لالیگادا بردووەتەوە و هەوڵدەدات لەم یارییەدا یارینەکردنی جود بێلینگهامیش بقۆزێتەوە، کە بێگومان ئامادەنەبوونی ئەو بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکان کاریگەری ئاشکرای بەسەر پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە دەبێت.
 
ریال مەدرید بەبێ بوونی بێلینگهامیش دەتوانێت سوود لە یاریزانە یەدەگە باشەکانی وەربگرێت و هەوڵی راستەقینە بۆ سەرکەوتن بدات، چونکە بردنەوەی ئەم یارییە واتا وەرگرتنەوەی پێشەنگ، کە ئێستا بەدەست جیرۆناوەیە.
 
لە یارییەکی دیکەی بەهێزدا بارسێلۆنای بریندار میوانداری ڤیاریال دەکات، کە لەخۆی بریندارترە.
 
چاڤی و یاریزانەکانی لەژێر گوشارێکی زۆری هاندەرانی کەتەلۆنیدان، دوای ئەوەی لە ماوەی دە رۆژدا لە دوو پاڵەوانێتی دەرکران، بۆیە دەبێت دەرفەتی ئەوە بقۆزنەوە کە ڤیاریالی رکابەریان بە دۆخێکی خراپدا گوزەر دەکات و لێیان ببەنەوە بۆ ئەوەی هەندێک لە تووڕەیی هاندەرانیان کەم بکەنەوە.
 
ڤیاریال ئەگەرچی هەمیشە بەرامبەر گەورەکان باش دەردەکەوێت، بەڵام ئێستا لە دۆخێکدایە کەس ئیرەیی پێنابات، کە لە دوایین سێ یاریی لالیگادا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، دووانی دۆڕاندووە و لە یەکێکیاندا یەکسانبووە، واتا لە کۆی 9 خاڵ تەنیا یەک خاڵی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا بارسا لە کۆی 9 خاڵ هەر 9 خاڵی بەدەستهێناوە.