راهێنەری عێراق نهێنی بردنەوەیان لە ژاپۆن ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت " دەمانەوێت سیناریۆی ساڵی 2007 بۆ عێراق دووبارەبکەینەوە و ئێستا کاتی ئەوەیە عێراقییەکان دڵخۆشبن."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بەشدارییکرد و لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جیاواز و تایبەت بە هەڵبژاردەکەوە قسەیکرد.
 
کاساس دەڵێت "کاردەکەین بۆ ئەوەی خولی تۆپی پێی عێراق بەرەو پێشەوەببەین و تۆپی پێ لە وڵاتەکەدا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، بەشێوەیەکی گشتی لە ئاستی هەڵبژاردەکەم رازیم."
 
خیسوس گوتی "ئێمە وەکو ستافی هونەری هەڵبژاردەی عێراق کارێکی زۆر و بەردەوام دەکەین، لە کاژێر 8ـی بەیانییەوە دەستپێدەکەین و تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوامدەبین بۆ ئەوەی بتوانین هەموو دۆخەکان شرۆڤەبکەین و چارەسەر بدۆزینەوە."
 
لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر ژاپۆن و بردنەوە لە هەڵبژاردەکە خیسوس کاساس گوتی "بەر لە یارییەکەمان بەرامبەر ژاپۆن، بە یاریزانەکانم گوتبوو ئێوە توانای ئەوەتان هەیە لە ژاپۆن ببەنەوە، لە پشووی نێوان گێمەکاندا بە یاریزانەکانم گوت لەسەر پلانەکە بەردەوامبن، شەڕانگێزبن لە یارییکردن و لە کۆتاییدا سەرکەوتین."
 
راهێنەری عێراق زیاتر باسی یارییەکەی بەرامبەر  هەڵبژاردەی ژاپۆن دەکات و دەڵێت "بەرامبەر ژاپۆن پێویستیمان بە هاندانی یاریزانان نەبوو لە رووی مانەوییەوە، بەڵکو پێویستبوو لەرووی تاکتیکییەوە هاوکارییان بکەین و هەر ئەوەشمان کرد."
 
لەبارەی یارییەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوردن، کاساس لە بەرنامەکەدا گوتی "هەڵبژاردەی ئوردن پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئێمە رێز لە هەموو رکابەرەکانمان دەگرین، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئامانجمان ئەوەیە ببەینەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەڵبژاردەی عێراق ستایشی ئەیمەن حوسێن و هێرشبەرەکانی دەکات و دەڵێت "ئەیمەن حوسێن، ئاستێکی نایاب پێشکێشدەکات، تۆپی پێ تەنیا گۆڵکردن نییە، ئەیمەن یاریزانێکە بەشێوەیەکی زۆرباش دەردەکەوێت تەنیا گرنگی بە گۆڵکردن نادات."
 
کاساس زیاتر گوتی " من دوو هێرشبەرم هەیە، ئەیمەن لە عێراق و عەلی حەمادی لە ئینگلتەرا، هەردووکیان یاریزانی زۆرباشن و لە هەرکاتێکدا دەتوانن هاوکاریی هەڵبژاردەکە بکەن."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی هەمیشە ئیبراهیم بایش، لە پێکهاتەی ئەودا بەشێوەی سەرەکی یارییدەکات؟ کاساس لە وەڵامدا گوتی "ئەو یاریزانێکە 90 خولەک بەباشترین شێوە یارییدەکات، یاریزانێکی هۆشیار و بەئاگایە و ئەو باشترین یاریزانی عەرەبە و شایستەی ئەوەیە لە ئەوروپا یاریی بکات."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی کارکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەکە گوتی "من دڵخۆشم لە عێراق کاردەکەم، گرێبەستەکەم تاوەکو ساڵی 2026 بەردەوامدەبێت، ئامانجی من ئەوەیە هەڵبژاردەکە بگەیێنمە مۆندیال و ئەنجامی باشمان لە جامی ئاسیادا هەبێت."
 
خیسوس زیاتر گوتی "عێراقییەکان بەبارودۆخی ناخۆشدا تێپەڕیوون، ئێستا کاتی ئەوەیە دڵخۆشیان بکەین، بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت سیناریۆی 2007 بۆ ئەوان دووبارەبکەینەوە."
 
هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا، بە سێ بردنەوەی لەسەریەک مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و 9 خاڵی بەدەستهێنا و بەیەکەمی کۆمەڵەی چوارەم گەیشتە قۆناخی 16 و رۆژی دووشەممە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن یاریی دەکات.