ڤیدیۆ؛ ئاکێ گۆڵێکی مێژوویی تۆمارکرد و مان سیتی گرێیەکی گەورەی کردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی بردنەوەیەکی زەحمەتی بەرامبەر یانەی تۆتێنهام بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتووی ئێف ئەی کەپ.
 
لە رکابەرییەکانی قۆناخی چوارەمی جامی ئینگلتەرا، ناسراو بە ئێف ئەی کەپ، مانچێستەر سیتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی تۆتێنهام یارییکرد، لە خولەکی 5 ئۆسکار بۆب گۆڵێکی بۆ مان سیتی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان بەهۆی ئۆفسایدەوە گۆڵەکەی رەتکردەوە.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا تۆتێنهام نزیکبوو گۆڵێک تۆماربکات، بەڵام ئۆرتێگا تۆپەکەی گەڕاندەوە و گۆڵەکەی پاراست.
 
هێرشەکانی هەردوو یانە بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامبوون، مان سیتی گوشارێکی زیاتری خستە سەر گۆڵی خاوەن یاریگە.
 
لە خولەکی 87 ناتان ئاکێ، گۆڵێکی مێژوویی بۆ مانچێستەر سیتی تۆمارکرد، تیپەکەی پێپ گواردیۆلا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەی تۆمارکرد و گەیشتە قۆناخی شازدەی جامی ئینگلتەرا.
 
ئەم بردنەوەیە، بۆ مان سیتی بردنەوەیەکی مێژووییە و کۆتاییهێنانە بە ئامار و مێژوویەکی خراپی یانەکە لە یاریگەی تۆتێنهام، لەکاتێکدا لە ساڵی 2019ـەوە مان سیتی 5 جار چووبووە یاریگەی تۆتێنهام هەموو یارییەکانی دۆڕانبوو، جگە لەوەش هیچ گۆڵێکی لەو یاریگەیە تۆمارنەکردبوو، بەڵام ئاکێ ئەو گرێیەی بۆ مانچێستەر سیتی کردەوە.
 
مان سیتی دوای 538 خولەک و 102 هەوڵ بۆ ئەوەی گۆڵ لە تۆتێنهام لە کۆتاییدا بە ئامانجەکەی گەیشت و لە یاریگە نوێیەکەی ئەو یانەیەدا گۆڵی کرد و تیپەکەی لە جامی ئینگلتەرا دوورخستەوە.