محەممەد سەڵاح فیرعەونەکانی سەرخست

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی میسر بە سەرکردایەتی محەممەد سەڵاح توانی بلیتێکی قۆناخی هەشتی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 5-4 لە کوتدیڤواری بردەوە.
 
یارییەکە بە گوشاری میسرییەکان دەستپێکرد و دواتر کوتدیڤوارییەکانیش هاوسەنگی خۆیان بەدەستهێنایەوە و هەردوولا هێرشیان دەکردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام هەردوو نیوەی یارییەکە بە بێ گۆڵ کۆتاییهاتن و پەنایان بردە بەر دوو گێمی زیادکراو.
 
لە کاتی زیادکراویشدا هەردوولا چەندجارێک نزیکبوون لە هەژاندنی تۆڕی یەکدی، بەڵام تاوەکو فیکەی کۆتایی یارییەکە ئەنجامەکە بە سپی مایەوە و یارییەکە بە لێدانەکانی یەکلایی کۆتاییهات، کە تێیدا بەخت یاوەری میسرییەکان بوو، دوای ئەوەی ئێریک بەیلی لێدانێکی لەدەستدا و لە دوالێدانیشدا محەممەد سەڵاحی کاپتن و ئەستێرەی میسر تۆڕی کوتدیڤواری هەژاند و بلیتی سەرکەوتنی بە وڵاتەکەی بەخشی.
 
لەم یارییەدا ئێریک بەیلی تووشی پێکان بوو، هەروەها لە لایەن میسرییەکانیشەوە محەممەد شناویی گۆڵپارێز بەهۆی پێکانەوە یاریگەی جێهێشت و لەجیاتی ئەو جاباسکی هاتە نێو یاریگە و ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا لێدانەکەی ئێریک بەیلی گەڕاندەوە.
 
لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا، هەڵبژاردەی میسر رووبەڕویی هەڵبژاردەی مەغریب دەبێتەوە، کە ئەمەی دواییش بە بردنەوە لە مالاوی بە ئەنجامی 2-1 بلیتی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.