ئەمڕۆ رۆژە تایبەتەکەی پرێمەرلیگە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت لە بۆکسینگ دەیدا، کۆتایی بە نەهامەتییەکانی بهێنێت و بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی پرێمەرلیگدا.
ئەمڕۆ بۆکسینگ دەیە، پرێمەرلیگ رۆژێکی پڕ لە یاری و تایبەت بە رێدەکات، مانچێستەر سیتی لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا یاری دەکات و دەیەوێت یارییەکەی ئەمڕۆی بکاتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوە بۆ نێو رکابەرییەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو دۆخە خراپەی لە ماوەی رابردوودا پێیدا دەربازبووە.
مانچێستەر سیتی لە یەکەم یاریی ئەمڕۆی پرێمەرلیگدا، لە یاریگەی ئیتیحاد بەرامبەر یانەی ئێڤێرتۆن یاری دەکات.
تیپەکەی پێپ گواردیۆلا لە دوایین 10 یارییدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 7 یاریی دۆڕاندووە، لە 2 یارییدا یەکسانبووە و تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، ئەم دۆخەی یانەکەش کاردانەوەی زۆری گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
میدیای بەریتانیا دەڵێت "گواردیۆلا بۆ ئەم یارییە ئامادەکارییەکی زۆری کردووە و تەنانەت رێگەی نەداوە، دوێنێ یاریزانەکانی دوای مەشقەکان بچنەوە ماڵەکانیان و هەمووان لە شوێنی مەشقەکانی یانەکە خەوتوون بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بۆ یارییەکە ئامادەبن."
یانەی لیڤەرپوول چاوی لە بەدەسهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە و درێژەدانە بە ئەنجامە باشەکانی کاتێک، لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی لێستەر سیتی یاری دەکات.
یارییەکە رووبەڕووبوونەوەی دوو راهێنەری هۆڵەندییە لە پرێمەرلیگدا، ئارنێ سڵۆت لە لیڤەرپوول و رۆد ڤان نێستلرۆی لە یانەی لێستەر سیتی.
رێدز بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت و لەم وەرزەی خولەکەدا، لە دوای ئەنجامدانی 16 یاری تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و بەجیاوازیی چوار خاڵ لەگەڵ نزیکترین رکابەری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە، لێستەر سیتی ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین و یانەکە لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندە.
لێستەر سیتی لە 2021ـەوە هیچ یارییەکی لە لیڤەرپوول نەبردووەتەوە، دوای ئەو ساڵە چوار جار بەرامبەر یانەکە یاریی کردووە و هەموو یارییەکانی دۆڕاندووە.
یارییەکە بۆ محەممەد سەڵاحیش تایبەت دەبێت، یاریزانەکە تاکە یاریزانە لە مێژووی پرێمەرلیگدا، لە جەژنەکانی کریسمسدا زیاتر لە 10 گۆڵ و ئاسیستی کردبێت و دەیەوێت ئەمشەو درێژە بە ئاستە بەرزەکەی بدات.
یانەی مانچێستەر یونایتد دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک و ماڵئاواییکردنی لە جامی کاراباو، ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییەکی دیکەی پرێمەرلیگ ئەنجامدەدات و دەیەوێت بە سێ خاڵ پێکەنین بگەڕێنێتەوە سەر رووخساری هاندەرانی.
مان یونایتد هاوشێوەی مانچێستەر سیتی لە دۆخێکی خراپدایە و لە دوو یاریی رابردوودا دۆڕاوە، بەرامبەر تۆتێنهام لە کاراباو کرایە دەرەوە و لە دوایین یاریی پرێمەرلیگیشدا بەرامبەر بۆرنمۆوس دۆڕا، ئەمڕۆ یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ولڤەرهامپتۆن یاری دەکات.
مانچێستەر یونایتد لە ریزبەندی پرێمەرلیگدا لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندە و لە 17 یارییدا تەنیا 6 بردنەوەی هەیە، هاتنی رۆبن ئامۆریم بۆ یانەکەش گۆڕانکارییەکی وای دروست نەکردووە و پرسیاری زۆری لەسەرە.
ولڤەرهامپتۆن لە دۆخێکی باشدا نییە، تەنیا 3 بردنەوەی هەیە و لە پلەی هەژدەیەمە، دەیەوێت سوود لە خراپی میوانەکەی وەربگرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین.