رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی هەژدەی پرێمەرلیگ، یان 'بۆکسینگ دەی' چەندین رووبەڕووبوونەوەی گرنگ و سەرنجڕاکێش بەخۆوە دەبینێت. مانچێستەر سیتی پاش دوو شکستی لەسەریەک، لە دوایین سێ یاریدا، بەدوای راستکردنەوەی دۆخی خۆیدا دەگەڕێت. لیڤەرپوول لە ئانفێڵد چاوی لە فیستیڤاڵی گۆڵ تۆمارکردنە.
ئەگەرچی سەرجەم خولەکانی دیکە پشوویانە، بەڵام پرێمەرلیگ، لە رێگەی ژمارەیەک یاریی سەرنجڕاکێشەوە، سەرنجی هەمووان دەباتەوە نێو یاریگەکانی خولەکە.
'بۆکسینگ دەی'، نەریتێکی کولتوریی بەریتانیایە و دەکەوێتە رۆژی دوای جەژنی کریسمس، لەو رۆژەدا خەڵکی ئەو وڵاتە دیاری دەدەنە کەسانی کەمدەرامەت و یارمەتییان دەدەن.
لە یەکەم یاریی ئەمڕۆی 'بۆکسینگ دەی'دا، مانچێستەر سیتی رووبەڕووی ئیڤرتۆن دەبێتەوە و چاوی لەوەیە برینەکانی خۆی سارێژبکاتەوە، ئەو یانەیە لە دوایین 10 یاریدا تەنیا یەک یاری بردووەتەوە و حەوت یاریی دۆڕاندووە و لە پلەی حەوتەمی خولەکە دێت.
مان سیتی بۆ یارییەکەی ئیڤەرتۆن لە تواناکانی هەریەکە لە روبین دیاز، جۆن ستۆنز، رۆدری و ئۆسکار بۆب بێبەش دەبێت.
لە یارییەکی دیکەدا و لە دێربییەکی رۆژئاوای لەندەن، یانەی چێڵسی میوانداری فولهام دەکات و تیپەکەی مارێسکا چاویان لەوەیە درێژە بە ئاستە نایابەکەی ئەم وەرزەیان بدەن.
چێڵسی بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت، بە تۆمارکردنی 37 گۆڵ، ئەو یانەیە خاوەنی دووەم زۆرترین گۆڵە لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا، لە پاش تۆتێنهامەوە کە 39 گۆڵی تۆمارکردووە.
فۆفانا، لاڤیا، بادیاشیلی و ریس جەیمز بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکە دوورخراونەتەوە.
مانچێستەر یونایتد بە سەرکردایەتی رۆبین ئامۆریم، میوانێکی قورس دەبێت لە یاریگەی مۆلینۆکس، کاتێک رووبەڕووی یانەی ولڤەرهامپتۆن دەبێتەوە. یونایتد بە یەکێک لە خراپترین نیوە وەرزەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت و بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ لە پلەی سیانزەیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت.
مەیسن ماونت و لوک شۆ بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکە بێبەش دەبن.
لیڤەرپوول، ئەو یانەیەی هەمووانی سەرسامکردووە، بە جیاوازی چوار خاڵ و بە یارییەکی کەمتر، پلەی یەکەمی پرێمەرلیگی گرتووە و ئەمڕۆ لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی لێستەر سیتی دەبێتەوە.
یاریزانەکانی ئارنی سلۆت بە ورەیەکی پۆڵایینەوە لە یاریگەی ئانفیڵد چاوەڕێی تیپەکەی ڤان نیستەلڕۆی دەکەن.
کۆناتێ و برادلی، بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکە دوورخراونەتەوە.
خشتەی سەرجەم یارییەکانی ئەمڕۆی بۆکسینگ دەی
مانچێستەر سیتی - ئیڤەرتۆن 15:30
بۆرنمۆس - کریستاڵ پاڵاس 18:00
چێڵسی - فولهام 18:00
نیوکاسڵ - ئاستۆن ڤێلا 18:00
نۆتینگهام فۆرێست - تۆتێنهام 18:00
ساوسامپتۆن - وێستهام 18:00
ولڤەرهامپتۆن - مانچێستەر یونایتد 20:30
لیڤەرپوول - لێستەر سیتی 23:00
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ