ئەنچیلۆتی لە ریال مەدرید دەمێنێتەوە و سێ داواکاریی هەیە

26-12-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید بڕیاری مانەوە و بەردەوامبوون و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی داوە و نەخشەڕێی بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکە داناوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی بڕیاری خۆیداوە لەبارەی بەردەوامبوون لەگەڵ ریال مەدرید و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەتایبەت کە لە دوێنێوە ئەگەری سزادانی هەڵبژاردەی بەرازیل و دوورخستنەوەی لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوو هاتووەتە ئاراوە، بەهۆی دوورخستنەوەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، لە پۆستەکەی.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کارلۆ لە پلانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا، داوای سێ یاریزان لە کارگێڕیی یانەکە دەکات بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو گرێبەستیان لەگەڵدا بکرێت.
 
بەپێی سەرچاوەکان، داواکاریی یەکەمی ئەنچیلۆتی، گرێبەستکردنە لەگەڵ هێرشبەرێکی نوێ و بژاردەی یەکەمی کارلۆ، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی پاریس سانجێرمانە.
 
کارلۆ داوا دەکات، یانەکە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەدا نەکات، نەبەهێنانی یاریزانی نوێ و نەبە بەڕێکردنی هیچ یاریزانێک، بەتایبەت لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرووس کە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکەدا کۆتایی دێت.
 
بەپێی سەرچاوەکان، کارلۆ داوای گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکەرێکی لاو دەکات بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی تیپەکە و داوای یەکێک لەم ناوانە دەکات، گۆنزالۆ ئیناسیۆ، لینی یۆرۆ، عوسمان دیوماندی یان رۆبێرت رێنان.
 
دوا داواکاریی میستەر کارلۆ لە ریال مەدرید، هێنانی بەرگریکەرێکی باڵی چەپە و داواکاریی یەکەم لەو شوێنەدا، ئەلفۆنسۆ دەیڤزی یاریزانی بایرن میونشنە. ئەگەر ئەوە شکستی هێنا، کارلۆ داوای دی مارکۆی بەرگریکەری باڵی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەکات.
 
گرێبەستی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوودا کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەکەیدا بەتەواوی یەکلانەکراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە