3 یانە دەیانەوێت ئاردا گولەر لە ریال مەدرید وەربگرن

رووداو دیجیتاڵ

 

ئارادا گولەر، یاریزانی لاوی یانەی ریال مەدرید، سێ دەستەوارەی بۆ جێهێشتنی یانەی لۆس بلانکۆس لە کاتی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا پێگەیشتووە.
 
گولەر دوای ئەوەی هاوینی رابردوو بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی فێناربەخچەی تورکیاوە رووی لە یانەی ریال مەدرید کرد، بە بەردەوامی تووشی پێکان بووە و تاوەکو ئێستا یەک خولەک یاری بە درێسی یانەی شاهانەوە نەکردووە.
 
یاریزانە گەنجە تەمەن 18 ساڵەکە، لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ کڕکڕاگەی ئەژنۆی، دووبارە تووشی چەند پێکانێکی ماسوولکەیی بووەوە.
 
هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە یانەکانی ڤیاریال، لاس پاڵماس و سێلتاڤیگۆ، ئارەزووی زۆریان هەیە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە بەشێوەی خواستن تاوەکو کۆتایی وەرزی ئێستا.
 
ڤیاریال بە سەرۆکایەتی مارسیلینۆ گارسیا تۆرال، ئاواتەخوازە گولەر بگوازێتەوە بۆ ئەوەی کێشەی پێکانەکانی تیپەکەی چارەسەر بکات، لەپێناو هێشتنەوەی چانسی تیپەکەی بۆ رکابەریکردن لەسەر کورسییەکی ئەوروپی.
 
لە کاتێکدا لاس پاڵماس ئێستا بەدوای یاریزانێکی دیاردا دەگەڕێت، بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە جۆناسان ڤیێرا لە تیپەکەدا بەجێیهێشتووە، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی مانەوەی لە رکابەری لەسەر یەکێک لە پلەکانی پێشەوە، کە ئێستا پلەی نۆیەمی ریزبەندیی لالیگای گرتووە و دوورنییە لە پلەکانی گەیشتن بە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان.
 
سێلتاڤیگۆش لە ریزبەندیی خولی ئیسپانیادا بە دۆخێکی ناجێگیردا تێدەپەڕێت، بەو پێیەی خۆی لە ناوچەی دابەزین دەبینێتەوە، بۆیە گرێبەستکردن لەگەڵ ئاردا گولەر وەک چارەسەرێک دەبینێت، چونکە ئەو یاریزانە دەتوانێت رۆڵی جیاواز لە یاریگەدا ببینێت و پێکهاتەی تیپەکە بەهێزتر بکات، لەپێناو مانەوە لە لالیگادا.