هەڵبژاردەی بەرازیل مەترسی دوورخستنەوەی لە مۆندیال و کۆپا ئەمریکای لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوەیەک لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور (کۆنمیبۆڵ) رایگەیاند، کە خۆی و یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل قبوڵ ناکەن و دووپاتیکردەوە کە هیچ دوودڵ نابن لە راگرتنی چالاکییەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیل، ئەگەر ئێدناڵدۆ رۆدریگێز وەک سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل نەگەڕێندرێتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیەی کۆنمێبۆڵ، روونیکردەوە کە یاساکان روون و ئاشکران و لە هیچ دۆخێکدا هێزە دەرەکییەکان بۆیان نییە دەستوەردان لە بواری دەسەڵاتی یەکێتییەکاندا بکەن.
 
ئێدناڵدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل لە حەوتی ئەم مانگەدا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە،  دوای ئەوەی دادگا بە بڕیارێک ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە رێگەی پێدەدا لە هەڵبژاردنی نوێی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیلدا خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
 
دوورخستنەوەی رۆدریگێز بە گورزێکی دیکە دادەنرێت بۆ تۆپی پێی بەرازیل و هەڵبژاردەی سێلیساو، کە لەڕووی ئەنجامەکانەوە بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ پێکرانی ئەستێرەکەی نەیمار و سێ شکستی لەسەریەک لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026.
 
ئەم دادگایە رێککەوتنێکی نێوان فیدراسیۆنی بەرازیل و داواکاریی گشتی ریۆی پووچەڵکردەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازاری 2022، کە دواتر رێگەی بە رۆدریگێز دا تاوەکو ساڵی 2026 وەک سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل بمێنێتەوە.
 
فیفا و کۆنمیبۆڵ بڕیاریاندا شاندێک بۆ ریۆ دی جانیرۆ بنێرن، کە لە 8ـی1ـی2024 دەست بە کارەکانی دەکات بۆ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەو قەیرانە.
 
بەپێی میدیاکانی بەرازیل، یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل نامەیەکی بە واژۆی ئەندامێکی فیفا بەدەستگەیشتووە، کێنی ژان ماری و یەکێکی دیکەشی لە 24ـی کانوونی دووەمدا لە کۆنمێبۆڵەوە پێگەیشتووە، کە تیایاندا دەردەکەوێت ئەم دوو دەسەڵاتە بە تووندی پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی کە پێش 8ـی مانگی یەکەمی 2024 هیچ بڕیارێک سەبارەت بە یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل نەدرێت، بەتایبەتی هەڵبژاردنەکان، ئەگەرنا فیفا هیچ بژاردەیەکی نابێت جگە لەوەی مامەڵە لەگەڵ دۆسێیەکەدا بکات، کە دەکرێت ببێتە هۆی راگرتنی ئەندامێتی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل.
 
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سڕکردنی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل واتا دوورخستنەوەی تیپ و هەڵبژاردە و یانەکانی بەرازیل لە سەرجەم پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتییەکاندا.
 
ئێستا بەرازیل بەشداری لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 دەکات، بڕیارە هاوینی ئەمساڵیش لە مانگی حوزەیران و تەمموزی داهاتوودا بەشداری لە کۆپا ئەمریکا یاری دەکات.