ئانتۆنێلا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی مێسییەوە دەدات

26-12-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمان لەگەڵ یانەکە گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

گرێبەستی لیۆ لە هاوینی داهاتوودا کۆتاییدێت، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان ماوەیەکی زۆرە چاوی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکەیە و بۆ ئەوەش گەشبینە و بە ئارامییەوە هەنگاوەکانی دەنێت.
 
بەپێی دوایین زانیارییەکان، مێسی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان گەیشتووەتە رێککەوتن، گرێبەستەکەی بۆ وەرزێک نوێدەکاتەوە، ئەگەری مانەوەی بۆ وەرزی دوای ئەوەش بەکراوەیی دەمێنێتەوە.
 
پێشتر ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان چەندجارێک رایگەیاندووە، گرێبەستی لیۆ نوێدەکەنەوە و بە ئارامی بیر لەو بابەتە دەکەنەوە.
 
مێسی دوای بردنەوەی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، ئێستا لە پشوودایە و دوای کۆتاییهاتنی پشووەکەی دەگەڕێتەوە پاریس، بۆ پەیوەندیکردنەوە بە مەشقەکانی یانەکە و خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی خولی ناوخۆ و چامپیۆنزلیگ.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە مێسی دەڵێن " ئانتۆنێلای هاوژینی لیۆ، کە بەرپرسە لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی تایبەت بە ماڵباتەکە، گڵۆپی سەوزی بۆ مانەوەی مێسی لە پاریس هەڵکردووە، لەکاتێکدا پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو بەهۆی نائارامیی هاوژین و منداڵەکانی لە شارەکە ئەگەری هەیە مێسی لە یانەکە بڕوات."
 
لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان لە ماوەی بەڕێوەچوونی مۆندیالدا، چەندجارێک پەیوەندیی بە خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری لیۆنێل مێسی کردووە و گفتوگۆیان لەبارەی وردەکارییەکانی گرێبەستە نوێیەکەی نێوان هەردوولادا کردووە.
 
دوای کۆتاییهاتنی یاریی کۆتایی مۆندیال و بردنەوەی نازناوەکە لەلایەن ئەرجەنتینەوە، ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان لە ژووری جل گۆڕین باوەشی بە مێسیداکرد و پیرۆزبایی بردنەوەی نازناوەکەی لێکرد، ئێستا کارگێڕیی یانە فەرەنسییەکە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە دەکات بۆ ئەوەی کارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە تەواوبکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە