بۆکسینگ دەی.. مێژوویەکی جیاواز و سەرنجڕاکێش

26-12-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بۆکسینگ دەی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا یانەکانی دیکەی ئەوروپا پشوو وەردەگرن و چێژ لە پشووەکانی زستان و چوونە نێو کریسمس و سەری ساڵ وەردەگرن، لە ئینگلتەرا دیمەنێکی دیکە و سەرنجڕاکێش و جیاواز هەیە، کاتێک لە ماوەی 20 رۆژدا 6 یاریی دەکەن، ئەمە ناونراوە بۆکسینگ دەی، یان رۆژی سندووقەکان.
 
بۆکسینگ دەی چییە؟ 
 
هەموو ساڵێک لە 26ـی دیسێمبەر، لەکاتێکدا بۆ هەموو ئینگلتەرا پشووە، لە 1871ـەوە بۆکسینگ دەی رۆژی لە دوای رۆژ بووەتە ناوێکی دیار، کاتێک رۆژێک دوای یادەکانی کریسمس بۆکسینگ دەی دەستپێدەکات، کە لەو رۆژەدا هەموو خانەوادەکان لە ماڵەکانیان دانیشتوون، هاوژینەکان دیاری بۆ یەکدی دەبەنەوە و خواردن و خواردنەوە پێکەوە دەخۆن و کاتەکانیان بەیەکەوە بەڕێدەکەن، بەڵام لەسەر ئاستی دونیای وەرزشی چیرۆکەکە جیاوازە و یانەکان لە یارییە جیاوازەکاندا یارییەکانیان دەکەنە دیاری بۆ خەڵکی خۆیان.
 
لە 1860 یەکەم یاریی فەرمی لە کاتی پشوودا لە بەریتانیا لەنێوان هەردوو یانەی هالام و شیفێلد یونایتد کراوە، 162 ساڵ مێژوویەکی دوور و درێژی لە رووبەڕووبوونەوە و رکابەری هەیە.
 
بۆکسینگ دەی پڕە لە دڵخۆشی و چێژبەخشین بۆ هاندەرانی تۆپی پێی ئینگلتەرا، ئەوە وشەیەکە لەو زاراوە بەنێوبانگەی رۆژی دوای کریسمس وەرگیراوە، بۆکسینگ دەی ئەو رۆژەیە کە گەورە و بچووک پێیەوە سەرقاڵن و هەمووان بە تاسەوە چاوەڕێن.
 
بەهۆی زۆریی یارییەکان لە ماوەیەکی کەمدا، دەستەی بەڕێوەبردنی پرێمەرلیگ، هەمیشە بیر لەوەدەکاتەوە کەمترین هاتۆچووی نێوان شارە دوورەکان هەبێت، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو یانانە لە بۆکسینگ دەی بەریەکبکەون کە لەرووی جۆگرافییەوە لەیەکدییەوە نزیکن.
 
هەندێک دەستەواژەی ناڕاست بۆ بۆکسینگ دەی هەن، بۆکسینگ دەی تەنیا یەک رۆژە و تایبەتە بە ئەمڕۆ، نەک هەموو ئەو یارییانەی کە تاوەکو سەری ساڵ دەکرێن، بۆ نموونە ئەو گەڕەی پرێمەرلیگ کە لە سەری ساڵدا دەکرێت هیچ پەیوەندییەکی بە بۆکسینگ دەیەوە نییە، واتە بۆکسینگ دەی تەنیا یەک رۆژە، ئەویش 26ـی مانگی 12ـی هەموو ساڵێک.
 
لە بۆکسینگ دەیدا، ئەنجامی چاوەڕواننەکراو و گەورە تۆمارکراون، گەورەترین مێژووی ئەم رۆژە لە 1963 بووە، کاتێک لە 10 یارییدا 66 گۆڵ تۆمارکران، یانەی فولهام بە 10-1 لە ئیبسویچ تاونی بردەوە، لیڤەرپوول بە 6-1 لە ستۆک سیتی بردەوە و مان یونایتدیش بە هەمان ئەنجام بە بێرنلی دۆڕا.
 
شرۆڤەکارانی پرێمەرلیگ دەڵێن، بۆکسینگ دەی رۆژێکی گونجاوە بۆ چوونە دەرەوەی بەریتانییەکان، لەکاتێکدا ئەوان رانەهاتوون ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە بمێننەوە و پشووەکانی کریسمس لەگەڵ ماڵەوە بەڕێبکەن، بەڵام ئەمساڵ بۆکسینگ دەی جیاوازە و بەهۆی کۆرۆناوە هاندەران ناتوانن وەکجاران چێژی لێ وەربگرن، بۆیە دەبێت لەپێش شاشەی تیڤییەکانەوە ئەم رۆژە مێژوویە بەڕێبکەن، لە رووی دارای و پەیداکردنی داهاتیشەوە کۆرۆنا زیانێکی زۆر بە بۆکسینگ دەی ئەمساڵ دەگەیێنێت.
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی خراپ و راستەوخۆی کردووەتەوە سەر تۆپی پێی ئینگلتەرا بەشێوەیەکی گشتی و بۆ بۆکسینگ دەیش بەتایبەت، لەکاتێکدا سێ یاریی ئەمڕۆ دواخراون و یەکێکیشیان بە ئەگەری زۆر دوادەخرێت.
 
لە یارییەکانی ئەمڕۆی پرێمەرلیگدا لە بۆکسینگ دەی، مانچێستەر سیتی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی لێستەر سیتی یارییدەکات، کە یاریی لووتکە دەبێت و کاژێر 18:00 بەڕێوەدەچێت.
 
یاریی نێوان هەردوو یانەی تۆتێنهام و کریستاڵ پاڵاس، بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا لەنێو یاریزانانی کریستال پاڵاس، چارەنووسی دیارنییە و میدیای بەریتانیا دەڵێت " یارییەکە بەو هۆیەوە دوادەخرێت."
 
ستیڤن جێرارد، راهێنەری یانەی ئاستۆن ڤێلا شەوی شەممە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بەو هۆیەوە لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی چێڵسی کە ئەویشیان ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت لەسەر هێڵی یاریگە نابێت و یاوەری یانەکەی ناکات.
 
لەنێو خولە گەورەکانی ئەوروپادا، یاریزانانی پرێمەرلێگ کەمتر لە هەمووان دوو ژەمی ڤاکسینیان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە، کە تاوەکو ئێستا بە رێژەی 77٪ ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری زیادبوونی تووشبووانی ڤایرۆسەکە و کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر تۆپی پێی ئینگلتەرا.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر بەرپرسانی یانەکانی ئینگلتەرا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لەنێوان بەردەوامبوون و دواخستنی یارییەکان کۆبوونەوە، لە کۆتاییدا هەمووان رێککەوتن بۆ ئەوەی یارییەکان بە خشتەی ئێستا بەردەوامبێت.
 
یارییەکانی ئەمڕۆی پرێمەرلیگ
 
مانچێستەر سیتی - لێستەر سیتی 18:00
وێستهام - ساوسامپتۆن 18:00
نۆرویچ سیتی - ئارسیناڵ 18:00
ئاستۆن ڤێلا - چێڵسی 20:30
برایتۆن - برێنتفۆرد 23:00
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە