بۆکسینگ دەی چییە و بۆچی وای پێدەڵێن؟

26-12-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بۆکسینگ دەی
بۆکسینگ دەی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا یانەکانی دیکەی ئەوروپا پشوو وەردەگرن و چێژ لە پشووەکانی زستان و چوونە نێو کریسمس و سەری ساڵ وەردەگرن، لە ئینگلتەرا دیمەنێکی دیکە و سەرنجڕاکێش و جیاواز هەیە، کاتێک لە ماوەی 20 رۆژدا 6 یاریی دەکەن، ئەمە ناونراوە بۆکسینگ دەی، یان رۆژی سندووقەکان.

بۆکسینگ دەی چییە؟ 

هەموو ساڵێک لە 26ـی دیسێمبەر، لەکاتێکدا بۆ هەموو ئینگلتەرا پشووە، لە 1871ـەوە بۆکسینگ دەی رۆژی لە دوای رۆژ بووەتە ناوێکی دیار، کاتێک رۆژێک دوای یادەکانی کریسمس بۆکسینگ دەی دەستپێدەکات، کە لەو رۆژەدا هەموو خانەوادەکان لە ماڵەکانیان دانیشتوون، هاوژینەکان دیاری بۆ یەکدی دەبەنەوە و خواردن و خواردنەوە پێکەوە دەخۆن و کاتەکانیان بەیەکەوە بەڕێدەکەن، بەڵام لەسەر ئاستی دونیای وەرزشی چیرۆکەکە جیاوازە و یانەکان لە یارییە جیاوازەکاندا یارییەکانیان دەکەنە دیاری بۆ خەڵکی خۆیان.

لە 1860 یەکەم یاریی فەرمی لە کاتی پشوودا لە بەریتانیا لەنێوان هەردوو یانەی هالام و شیفێلد یونایتد کراوە، 161 ساڵ مێژوویەکی دوور و درێژی لە رووبەڕووبوونەوە و رکابەری هەیە.

بۆکسینگ دەی پڕە لە دڵخۆشی و چێژبەخشین بۆ هاندەرانی تۆپی پێی ئینگلتەرا، ئەوە وشەیەکە لەو زاراوە بەنێوبانگەی رۆژی دوای کریسمس وەرگیراوە، بۆکسینگ دەی ئەو رۆژەیە کە گەورە و بچووک پێیەوە سەرقاڵن و هەمووان بە تاسەوە چاوەڕێن.

بەهۆی زۆریی یارییەکان لە ماوەیەکی کەمدا، دەستەی بەڕێوەبردنی پرێمەرلیگ، هەمیشە بیر لەوەدەکاتەوە کەمترین هاتۆچووی نێوان شارە دوورەکان هەبێت، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەو یانانە لە بۆکسینگ دەی بەریەکبکەون کە لەرووی جۆگرافییەوە لەیەکدییەوە نزیکن.

دەستەواژەی ناڕاست

هەندێک دەستەواژەی ناڕاست بۆ بۆکسینگ دەی هەن، بۆکسینگ دەی تەنیا یەک رۆژە و تایبەتە بە ئەمڕۆ، نەک هەموو ئەو یارییانەی کە تاوەکو سەری ساڵ دەکرێن، بۆ نموونە ئەو گەڕەی پرێمەرلیگ کە لە سەری ساڵدا دەکرێت هیچ پەیوەندییەکی بە بۆکسینگ دەیەوە نییە، واتە بۆکسینگ دەی تەنیا یەک رۆژە، ئەویش 26ـی مانگی 12ـی هەموو ساڵێک.

ئەنجامی گەورە و مێژوویی

لە بۆکسینگ دەیدا، ئەنجامی چاوەڕواننەکراو و گەورە تۆمارکراون، گەورەترین مێژووی ئەم رۆژە لە 1963 بووە، کاتێک لە 10 یارییدا 66 گۆڵ تۆمارکران، یانەی فولهام بە 10-1 لە ئیبسویچ تاونی بردەوە، لیڤەرپوول بە 6-1 لە ستۆک سیتی بردەوە و مان یونایتدیش بە هەمان ئەنجام بە بێرنلی دۆڕا.

شرۆڤەکارانی پرێمەرلیگ دەڵێن، بۆکسینگ دەی رۆژێکی گونجاوە بۆ چوونە دەرەوەی بەریتانییەکان، لەکاتێکدا ئەوان رانەهاتوون ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە بمێننەوە و پشووەکانی کریسمس لەگەڵ ماڵەوە بەڕێبکەن، بەڵام ئەمساڵ بۆکسینگ دەی جیاوازە و بەهۆی کۆرۆناوە هاندەران ناتوانن وەکجاران چێژی لێ وەربگرن، بۆیە دەبێت لەپێش شاشەی تیڤییەکانەوە ئەم رۆژە مێژوویە بەڕێبکەن، لە رووی دارای و پەیداکردنی داهاتیشەوە کۆرۆنا زیانێکی زۆر بە بۆکسینگ دەی ئەمساڵ دەگەیێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە