رۆناڵدینیۆ: نزا بۆ دایکم بکەن

رووداو دیجیتال

رۆناڵدینیۆ، ئەستێرەی بەرازیلی داوا لە هەوادارانی دەکات نزا بکەن خوا ژیانی دایکی لە مردن رزگاربکات، کە بەهۆی کۆرۆناوە شەڕ لەگەڵ مەرگ دەکات.

ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی و میلانی ئیتالی، دووپاتیکردەوە کە ژیانی دایکی لە مەترسیدایە، کە چەند رۆژێکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەیەکی پۆرتۆ ئەلیگری لە بەرازیل لەژێر چاودێری چڕدا چارەسەری وەردەگرێت.

رۆناڵدینیۆ، لە تویتەردا پەنای بردووەتە بەر هەوادارانی و داوایان لێدەکات نزا بکەن و لە خوا بپاڕێنەوە دایکی لە مردن رزگاربێت و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە نێو خێزانەکەی.

جادووگەرەکەی بەرازیل نووسیویەتی "ئازیزانم، دایکم تووشی کۆرۆنا بووە و لە بارودۆخێکی مەترسیدایە، هەموومان تێدەکۆشین بۆ رزگارکردنی گیانی دایکمان، هیوادارم ئێوەش نزای سەلامەتی بۆ بکەن".

رۆناڵدینیۆ بەوە ناسراوە کە زۆر وابەستەیە بە خێزانەکەی، خزم و کەسوکارانی زۆر خۆشدەوێن، بەتایبەتیش دایکی، کە زۆرجار لە لێدوان و هەڤپەیڤینەکانیدا باسی دایکی خۆی دەکات و پەسنی دەدات.