سەرۆکی ریال مەدرید بۆ خەونەکەی هەموو شتێک دەکات

رووداو دیجیتال

میدیای فەرەنسا، باس لەوەدەکات کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامادەیە هەموو شتێک بکات لەپێناو بەدەستهێنانی واژۆی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان.

ماوەی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2022 کۆتاییدێت و ئەو یاریزانە هێشتا رازی نەبووە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پاریسییەکە نوێبکاتەوە، سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانیش دەڵێن "ئێمباپێ نایەوێت لە پاریس بمێنێتەوە، چونکە خەونی گەورەی ئەوەیە لەژێر سەرپەرشتی زینەدین زیداندا یاری بۆ ریال مەدرید بکات".

هەندێک لە رۆژنامەکانی فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هەموو شتێک دەکات لەپێناو بردنی ئیمباپێ بۆ ریزەکانی یانەکەی و دەڵێن "پێرێز ئامادەیە یاریزانە گران و هەرزانەکانی بفرۆشێت لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی ئێمباپێ".

بەپێی ئەو سەرچاوانە، پێرێز رێگە بە هەندێک لە یاریزانەکانی دەدات لە یانەکەی بڕۆن، بۆ ئەوەی بتوانێت گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ بکات و دەڵێن "تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆکی ریال مەدرید رێگە بە سێرخیۆ رامۆسی کاپتن و لوکا مۆدریچی ئەستێرەی کرواتیش بدات لە یانەکەی بڕۆن، بەو پێیەی هەردووکیان خاوەن مووچەی بەرزن و رۆیشتنیان ئاسانکاری دەکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئێمباپێ".

ئەو سەرچاوانە باس لەو دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید پلانێکی تایبەتی هەیە و دەیەوێت هەموو هەنگاوە پێویستەکان لەنێو یانەکەیدا بهاوێژێت، ئینجا دەست بە دانوستاندن بکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ".

هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە رێککەوتنێکی نهێنی لەنێوان ئێمباپێ و پێرێزدا هەبێت، بەشێوەیەک کە ئەو یاریزانە ساڵی داهاتووش لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەردەوام بێت و پێرێزیش ساڵێکی دیکە چاوەڕێی بکات بۆ ئەوەی لە 2022 بەخۆڕایی بچێتە ریزەکانی ریال مەدرید.