لووتکەی بۆکسینگ دەی و کریسمس لە پرێمەرلیگدا

26-12-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بۆکسینگ دەی
بۆکسینگ دەی
نیشانەکردن بۆکسینگ دەی پرێمەرلیگ
A+ A-

رووداو - هەولێر


لەکاتێکدا هەمووان سەرقاڵی پشوو و بەرێکردنی جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵی نوێن، پرێمەرلیگ لەبەردەم هەفتەیەکی قورس و پڕ رکابەری و ململانێی دەبێت، ئەو هەفتەیە کە پێی دەڵێن بۆکسینگ دەی و ئەوەی لەم هەفتەیەدا سەردەکەوێت و زۆرترین خاڵ کۆدەکاتەوە خوێندنەوە و حیسابێکی تایبەتی بۆ دەکرێت.

بۆکسینگ دەی چییە ؟ 

پێش ئەوەی ئەم ناوە لەگەڵ تۆپی پێدا تێکەڵبێت، با بزانین کەی چۆن و بۆچی ئەم بۆکسینگ دەی دروستبووە؟  لە رۆژی دووەمی جەژنی مەسیح کە رۆژی 26ـی دیسەمبەر  دەکات، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا  بۆکسینگ دەی دەستپێدەکات،  ناوی بۆکسینگ دەی  لە سەدەی 19ـەوە و بە دیاریکراوی لە ساڵی 1830ـەو ە بەرگوێی خەڵک کەوت، ئەو کاتەی کە کەنیسەکان لە سەری ساڵدا دیارییان دەبەخشییەوە و  لە نێو بۆکسیکدا کە پێی دەڵێن سندووقی دیاریی و خێریان بەسەر هەژارەکاندا دابەشدەکرد.

بۆکسینگ دەی  لە سەرەتای ساڵی نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە لە پرێمەرلیگ کاری پێدەکرێت، لەو کاتەی کە خەڵک خەریکی پشووەکانیانن، یانەکانی بەریتانیا لە زۆربەی یارییە وەرزشییەکان پشوونادەن یارییەکانیان دەکەنە دیارییەک بۆ  خەڵک، ئەمەش پێی دەڵێن بۆکسینگ دەی.

ئەمشەو گەڕی 19ـی خولەکە بەئەنجامدانی چەند یارییەکی بەهێز، دەبێتە دەستپێکی رکابەرییەکانی بۆکسینگ دەی، لیڤەرپوولی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە و پاڵەوانی جیهان، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە قەتەر جامی جیهانی بردەوە، تاقیکردنەوەیەکی قورسی دێتە پێش، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر لێستەر سیتی یارییدەکات، ئەو لێستەرەی لەم وەرزەدا لەگەڵ برێندان رۆجەرز، تەواو جیاواز دەرکەوتووە و ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.

رێدز ئەگەچی لە شەش یاری رابردوودا بەرامبەر شینەکانی کینگ پاوەر نەدۆڕاوە، بەڵام ئەم یارییە تەواو جیاواز دەبێت، بەتایبەت کە خاوەن یاریگە ئێستا لە پلەی دووەمە و 10 خاڵ لە لیڤەرپوول دوورە، ئامانجیشی ئەوەیە هەم لە رکابەرەکەی نزیکببێتەوە و هەمیش لە مانچێستەر سیتی دووربکەوێتەوە.

یانەی چێڵسی دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر دێربی لەندەنی لەدەرەوەی یاریگەی خۆی لە توتێنهام بردەوە، لە ستامفۆرد بریچ بەرامبەر ساوسهامتۆن یارییدەکات.

لامپارد بەبردنەوەی ئەم یارییە دەیەوێت بەرزی ئاستی یانەکەی بپارێزێت و ئەنجامەکانیشی جێگیر بکات، ئەمە جگە لەوەی بەبردنەوەی یارییەکە جێگەی خۆی لە پلەی چوارەم بەهێزتر دەکات.

یانەی مانچێستەر یونایتد دوای ئەوەی لە یاری رابردوودا بە دۆڕانی بەرامبەر واتفۆردی خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەند بووە گەورەترین سوپرایزی خولەکە، دەیەوێت بەبردنەوە لە نیوکاسڵ قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە، بەتایبەت کە نیوکاسل بەرامبەر یانە گەورەکان هەمیشە باش یارییدەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە