رووداو دیجیتاڵ
پیتەر گورگیس، ئەستێرەی یانەی دهۆک لەبارەی ئەگەری یارییکردنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق، قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت و خەونی منە یاری بۆ هەڵبژاردەکە بکەم.
بەر لە ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر نەسڕی ئیماراتی، لە رکابەرییەکانی جامی کەنداودا، کە یارییەکە ئەمشەو کاژێر 20:00 لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، پیتەر گورگیس، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە کارەکانی پاسپۆرتەکەی و وەرگرتنی وڵاتینامەی عێراقی بە رووداوی گوت "هێشتا 100٪ پاسپۆرت و وڵاتینامەکەم تەواو نەبووە، بەڵام هەنگاوی باشمان ناوە و بەهیوای ئەوەین لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا تەواو ببێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دەیەوێت یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات، پیتەر گورگیس گوتی "بێگومان، ئەوە یەکێکە لە خەونەکانم و ئەگەر بتوانم درێسی عێراق بپۆشم، زۆر دڵخۆش دەبم و خەونەکەم دێتە دی."
ئەستێرەی یانەی دهۆک لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی نەسڕی ئیماراتی و گرنگی ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکەدا بە رووداوی گوت "پێویستمان پێیە بە ژمارەیەکی زۆرەوە ئامادە بن، چونکە یارییەکە زەحمەت دەبێت. ئەگەر ئەوان لە پشتمان بن، هاوار بکەن و گۆرانی بڵێن، زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئێمە تا یارییەکە ببەینەوە. هیوادارین هەموو کەسێک بێت و رۆژێکی خۆش ببەنە سەر و یارمەتیمان بدەن سێ خاڵەکە بەدەستبێنین."
ئەم قسانەی پیتەر گورگیس، لە کاتێکدا لە ماوەی رابردوودا ئاستبەرزیی ئەو یاریزانە بووە جێگەی سەرنجی هەمووان و هەر زوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هاتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی وڵاتینامەی عێراق بە یاریزانەکە بدرێت و لە داهاتوودا بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشتبکرێت.
پیتەر گورگیس، تەمەنی 24 ساڵە، لە سیدنیی ئوسترالیا لە دایکبووە و وڵاتنیامەی سوێدی هەیە، پێشتر لە تیپی خوار 17 ساڵان و خوار 19 ساڵانی سوێد یارییکردووە، بەڵام ئێستا دەیەوێت یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ