ڤیدیۆ؛ یاریزانە کوردەکەی بوندێسلیگا بەردەوامە لە درەوشانەوە

26-11-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Daniel ROLAND / AFP
Photo by Daniel ROLAND / AFP
نیشانەکردن دێنیز ئۆنداڤ بوندێسلیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دێنیز ئۆنداڤ، یاریزانی کوردی بوندێسلیگا بەردەوامە لە درەوشانەوە و ئەمجارەش سەرکردایەتی شتوتگارتی کرد بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی بەهێزتر بکات، کاتێک دوو گۆڵی لە بەرامبەر ڤێردێربرێمەن تۆمارکرد و سێ خاڵی نوێی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا.
 
بۆ بایرلیڤەرکوزن جیاوازی نییە لە یاریگەی خۆیدا یاری بکات یان دەرەوە، ئەنجامەکە هەر سەرکەوتنە و ئەمجارەش لەنێو یاریگەی ڤێردێربرێمەندا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دیمانی بەرگریکاری ڤێردێربرێمەن لە خولەکی 9 گۆڵێکی بۆ تیپەکەی ئەلۆنسۆ بە هەڵە لە گۆڵی خۆیانی کرد.
 
جيريمي فريمبۆنگ دوو خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی لیڤەرکوزنی تۆمارکرد و دڵنەوایی بە ئەلۆنسۆی راهێنەری دا.
 
لە نیوەی دووەمدا ئەليخاندرۆ گريمالدۆ گۆڵی سێیەم و بردنەوەی لیڤەرکوزنی تۆمارکرد و یانەکەی بردەوە پێشەنگی بوندێسلیگا.
 
مونشنگلادباخ خەریک بوو هاندەرانی بۆرووسیا دۆرتموند بێهیوا بکات دوای ئەوەی لە خولەکەکانی 13 و 28 لە رێگەی رۆكۆ ريتزس و كواديۆ كۆنییەوە دووجار تۆڕی خاوەن ماڵی هەژاند. بەڵام ریوس و هاوڕێکانی زوو بەخۆیان کەوتن و لە خولەکی سی مارسێل سابیتەرز گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و دوای دوو خولەک نيكلاس فۆلكروگ گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
 
زەردپۆشەکان بەوەش نەوەستان و رازی نەبوون نیوەی یەکەم تەواو ببێت تاوەکو لە دوایین خولەکی گێمەکەدا لە رێگەی جیمی گیتنەزی یاریزانی ئینگلیزییەوە گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
 
لە دوایین خولەکدا هەموو یاریزانانی مونشنگلادباخ بە گۆڵپارێزیشەوە چوونە نێو گۆڵی دۆرتموند بەنیازی تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون، بەڵام دۆنيل مالان تۆپەکەی لێ دزین و تۆپەکەی لەنێو هێڵی سزای خۆیاندە بردە نێو تۆڕی گۆڵی مونشنگلادباخی و بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. 
 
دێنیز ئۆنداڤی یاریزانی کورد سەرکردایەتی شتوتگارتی کرد بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی بەهێزتر بکات، دوای ئەوەی هەر زوو تۆڕی فرانکفورتی هەژاند، بەڵام ڤالديمار ئانتۆنی کاپتنی شتوتگارت بەهەڵە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ فرانکفورت تۆمارکرد.
 
ئەوکات فیلیکس براشی ناوبژیوان تووشی پێکان بوو، و ماوەیەک یارییەکە راگیرا و ناوبژیوانی چوارەم جێگەی گرتەوە
 
کوڕە کوردەکە گەڕایەوە و لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەکەی تۆمارکرد و سێ خاڵی گرنگی بۆ شتوتگارت بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە