ڤیدیۆ؛ نیوکاسڵ گۆڵبارانی چێڵسی کرد
رووداو دیجیتاڵ
نیوکاسڵ گۆڵبارانی چێڵسی کرد و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا، زنجیرەی ئەنجامە باشەکانی چێڵسی راگرت و لە نێو یاریگەی خۆیدا، بلووزی شۆککرد.
لە یاریگەی سەینت جەیمس پارکی تایبەت بەخۆی، لە گەڕی سیانزەی پرێمەرلیگ، یانەی نیوکاسڵ یونایتد میوانداری چێڵسی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 4-1 لێبردەوە.
نیوکاسڵ بە هێرشبردن دەستی بەیارییەکە کرد و لە خولەکی 13، ئالیکساندەر ئیساك گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و گڕی بەردایە یاریگەی سەینت جەیمس پارك.
دواتر چێڵسی چەند هەلێكی مەترسیداریانکرد و لە خولەکی 23، رەحیم ستێرلینگ بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی یەکسانبوونی بۆ یانە لەندەنییەکە تۆمارکرد و یارییەکەی بۆ خاڵی سەرەتا گەڕاندەوە و گێمی یەکەم بەگۆڵێك بۆ هەردوو یانە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا جارێکی دیکە نیوکاسڵ دەستی بە هێرشەکانی کردەوە و لە دوو خولەکدا چێڵسی شۆککرد، کاتێك لە خولەکەکانی 60 و 61 لاسێڵس و جۆلینتۆن دوو گۆڵیان تۆمارکرد و نیوکاسڵیان پێشخست.
نەهامەتییەکانی چێڵسی بەردەوام بوو، کاتێك یانەکە لە هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازییەکەدا بوو، ریس جەیمسی کاپتنی یانەکە لە خولەکی 73 دووەم کارتی زەردی لە یارییەکەدا وەرگرت و کرایە دەرەوەی یاریگە و چێڵسی ناچاربوو بە 10 یاریزانەوە یارییەکە تەواو بکەن.
نیوکاسڵ لە هێرشەکانیان بەردەوامبوون و لە خولەکی 83، ئانتۆنی گۆردن گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامی 4-1 لە بەرژەوەندی نیوکاسڵ کۆتایی هات.
بەم بردنەوەیە نیوکاسڵ ژمارەی خاڵەکانی بۆ 23 خاڵ زیادکرد و بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ سەرکەوت، چێڵسیش لە پلەی 10 مایەوە و خاوەنی 16 خاڵە.