ئەنچێلۆتی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بوون بە راهێنەری بەرازیل ئاشکراکرد

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕیاری خۆی سەبارەت بە بوون بە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکراکرد و گوتیشی "چابی ئەلۆنسۆ دەتوانێت ببێتە راهێنەری ریال مەدرید".
 
ئەمشەو کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان، ریال مەدرید لە گەڕی 14ـی لالیگادا دەبێتە میوانی یانەی کادیز.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا سەبارەت بە پرسیارێک لەبارەی بوونی بە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل؟ گوتی "شانازی بەوە دەکەم کە ناوم لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل دەهێنرێت، وەک زۆرجار گوتوومە بەرازیل یەکێکە لە گەورەترین تیپەکانی جیهان، بەرازیل". 
 
ئەو هەروەها گوتی "بەستنەوەی ناوم بە بەرازیلەوە شانازییەکی گەورەم پێدەبەخشێت و لەوە زیاتر هیچی دیکە ناڵێم. هەموو شتێک زۆر روونە. تاوەکو 30ـی حوزەیران گرێبەستم لەگەڵ ریال مەدرید هەیە، و تاوەکو ئەوکاتەش وەڵامی هیچ پرسیارێک نادەمەوە سەبارەت بە داهاتووم".
 
سەبارەت بەوەی کە ئایا چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی دەتوانێت ببێتە راهێنەری ریال مەدرید؟ کارلیتۆ گوتی "من وەک راهێنەر و شێوازی یاریکردنی تیپەکەی زۆر حەزم لە ئەلۆنسۆیە، ئەو یەکێکە لەو راهێنەرانەی کە زۆر خۆشم دەوێن، بەڕاستی پێمخۆشە کە تیاگۆ مۆتاش راهێنەری بۆلۆنیایە، ئەوان دوو یاریزانی پێشووی من بوون. بەڕاستی ئەلۆنسۆم خۆشدەوێت، سەیری تیپەکەی دەکەم، لە دۆخێکی زۆر باشدایە. پێموایە ئەلۆنسۆ توانای ئەوەی هەیە ببێتە راهێنەری ریال مەدرید".
 
لەبارەی دۆخی یانەکەیشییەوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانەکانی بەهۆی پێکانەوە لەدەستداوە، راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانە، گوتی "تیپەکەمان لە دۆخێکی باشدایە، ئێمە متمانەمان هەیە کە دەتوانین بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بین کە رووبەڕووی دەبینەوە، تیپەکە متمانەیەکی زۆرم پێدەبەخشێت، ئەوانەی کەمتر لەوانی دیکە یارییان کردووە دەرفەتیان هەیە، دەبێت ئەوە بڵێم کە ئێمە ئەو دۆخە وەک دەرفەتێک بۆ ئەوان دەزانین بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە ئەوان چەندە باشن و چەند کوالیتییەکی بەرزیان هەیە".