ڤیدیۆ؛ یارییەکی تێنس ریکۆردێکی گەورە و مێژوویی تۆمارکرد

رووداو - هەولێر

رۆجێر فێدێرێری سویسری، دوای 10 ساڵ یەکەم یاریی لەمەکسیک ئەنجامدا و لە یارییەکی نمایشکاریدا بەرامبەر ئەلیکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی یارییکرد، ئەم یارییە ریکۆردێکی گەورەی لە ئامادەبوونی هاندەراندا تۆمارکرد، کە 42 هەزار و 517 کەس لەنێو یاریگەری پلازا دی تورۆس ئامادەی بینینی بوون.

مایسترۆ لەماوەی رابردوودا بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتی ئاکاپولکۆی مەکسیکی رەتکردەوە و کە کاتەکەی لەگەڵ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی دوبەی لەیەکدییەوە نزیکبوو.

فێدێرێر کاتێک تەمەنێکی بچووکی هەبوو لەساڵی 1996 لە مەکسیک یارییکردبوو، بەڵام کەمجار لەو وڵاتە دەرکەوتووە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی لەم یارییەدا ژمارەیەکی مێژوویی ئامادەی یارییەکە بن.

لە یارییەکەدا تێنسزانە سویسرییەکە بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەنجامەکان سێ شەش، شەش چوار و شەش دوو بوون، هەردوو تێنسزانەکە چەند یارییەکی دیکەش لە چیلی، ئیکوادۆر و ئەرجەنتین ئەنجامدەدەن.

پێشتر ژمارەی پێوانەیی ئامادەبوونی زۆرترین هاندەر لەساڵی 2010 لە بەلجیکا تۆمارکراوە، کە لە یاریی نێوان سێرینا ویلیامز و کیم کلیستەرز 35 هەزار و 681 هاندەر ئامادەبوون، لە مانگی 2ـی رابردووش لەیاریی فێدێرێر و نادال لە کیب تاونی ئەفریقای باشوور 55 هەزار هاندەر ئامادەی بینینی ئەو یارییە بوون.