ڤیدیۆ راپۆرت؛ کاردانەوەکانی دواخستنی سوپەر کلاسیکۆ

26-11-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریڤەرپلەیت، بۆکا جونیۆرز، لیبەرتادۆرێس
ریڤەرپلەیت، بۆکا جونیۆرز، لیبەرتادۆرێس
نیشانەکردن ریڤەرپلەیت، بۆکا جونیۆرز، لیبەرتادۆرێس
A+ A-

رووداو - هەولێر

بۆ جاری دووەم لەسەریەک لە ماوەی 24 کاژێردا، هاندەران بەبێ بینی سوپەر کلاسیکۆ و یەکلاییکردنەوەی جامی لیبەرتادۆرێس، بەرەو ماڵەکانیان یاریگەی مۆنۆمێنتالیان بەجێهێشت

بەشێوەیەکی فەرمی کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکا (کۆنمیبۆل) لەسەر داوای یانەی بۆکا جونیۆرز یاریی نێوان یانەکە و ریڤەرپلەیتی لە گەڕانەوەی فایناڵی کۆپا لیبەرتادۆرێس بۆ جاری دووەم لەسەریەک دواخست، بەڵام ئەمجارە کاتی ئەنجامدانی یارییەکەش دیارنییە.

هاندەرانی هەردوو یانە لە چەند رۆژی رابردوودا شەقامەکانی بۆینس ئایرسیان پڕکردووە لە رەنگی ریڤەر و بۆکا، دوای دواخستنی یارییەکەش بۆ جاری دووەم هاندەرانی بۆکا جونیۆرز چوونە بەردەم هۆتێلی یانەکەیان و ئاهەنگیان گێڕا، تێڤێز و هاوڕێکانیشی لە هۆتێلەوە چەپلە بۆ هاندەرە سەرسەختەکانیان لێدەدەن.

رووداوەکانی شەوی شەممە و هێرشی هاندەرانی ریڤەرپلەیت بۆ سەر پاسی یاریزانانی بۆکا جونیۆرز ئاراستەی بەرەو چارەنووسێکی نادیاربرد، کۆنمیبۆڵیش دەڵێت، جگە لە پابلۆ پێرێز کە لە چاویدا برینداربووە چەند یاریزانێکی دیکەش بارودۆخیان باش نییە، بۆیەش یارییەکە دواخرا.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی فۆکس سپۆرتی ئەرجەنتینی، رۆژی سێشەممە ئەلیخاندرۆ دۆمینگێز، سەرۆکی کۆنمیبۆل لەگەڵ دانیێل ئانگلێجی، سەرۆکی بۆکا و دی ئونفریۆ، سەرۆکی ریڤەرپلەیت لە پاراگوای کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی کاتی ئەنجامدانی یارییەکە دیاری بکەن.

لەلایەکی دیکەوە دەنگۆی ئەوە هەیە کە بڕیاربدرێت یارییەکە لە دەرەوەی ئەرجەنتین بکرێت، بەڵام رۆدۆلفۆ دۆنۆفریۆ، سەرۆکی یانەی ریڤەرپلەیت ئەم بیرۆکەیە رەتدەکاتەوە و دەڵێت دەبێت یارییەکە لەنێو یاریگەی مۆنۆمێنتال و لەبەردەم هاندەرانماندا ئەنجامبدرێت.

جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا، لەلێدوانێکدا کە رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، تووندتیژی لە تۆپی پێدا جێگەی نابێتەوە، سەلامەتی گیانی یاریزانان لە پێش هەموو شتێکەوەیە و رەتیشدەکاتەوە هیچ لایەنێک لەکاتی ئەنجامنەدانی یارییەکە سزابدرێت و دەڵێت بڕیاری کۆتایی بۆ ئەنجامدانی یارییەکە لە دەست کۆنمیبۆلە.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەرجەنتین رایانگەیاندووە، ئەگەری هەیە یارییەکە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 12-2 یان رۆژی شەممە 12-8 ئەنجامبدرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە