بارسێلۆنا لەنێو بێرنابیۆدا ریال مەدریدی بەخاک سپارد

رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا بەسەرکردایەتی هانزی فلیکی ئەڵمانی بەردەوامە لەسەر ئاستە بەرز و ئەنجامە باشەکانی و ئەمجارە سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر ریال مەدریدی رکابەریدا بەدەستهێنا و چوار بە هیچ لێیبردەوە.
 
بارسا لە گەڕی 11ـی لالیگادا، لە یاریی کلاسیکۆدا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بووە میوانی یانەی شاهانە و بە سێ خاڵی یارییکەوە گەڕایەوە کەتەلۆنیا.
 
نیوەی یەکەم، کە ریال مەدرید تێیدا باڵادەستتربوو، بەئەنجامێلکی سپی بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا بارسێلۆنایەکی دیکە دەرکەوت و بەهەموو شێوەیەک کۆنترۆلی یاریگای کرد.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی تەنیا 9 خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی تۆڕی ریال مەدرید بهەژێنێت.
 
دوای تەنیا دوو خولەک هەمان یاریزان بۆ جاری دووەم تۆڕی لونینی هەژاند.
 
دوای ئەو دوو گۆڵە کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری ریال مەدرید چەند گۆڕانکارییەکی کرد بەهیوای چارەسەرکردنی دۆخەکە، بەڵام ئەوە بارسای رانەگرت و لە خولەکی 77 لامین یامال گۆڵی سێیەمی تیپی میوانی تۆمارکرد.
 
رافینیای بەرازیلی رازی نەبوو بەبێ ئەوەی گۆڵ بکات لە یاریگا بچێتە دەرەوە و لە خولەکی 84 گۆڵی چوارەمی بارسای تۆمارکرد و یارییەکە 4-0 لە بەرژەوەندی تیپی میوان کۆتاییهات.
 
بەم سەرکەوتنە بارسێلۆنا ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 30 خاڵ لە پێشەنگی لالیگادا، کە 6 خاڵ پێش ریال مەدرید کەوت.