بەرپرسانی مانچێستەر بەنهێنی لەگەڵ شوێنگرەوەی تێن هاگدا کۆبوونەتەوە

دوێنێ کاژێر 08:20
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی مانچێستەر یونایتد ئێریک تێن هاگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامە خراپەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد، پاڵی بەبەرپرسانی یانەکەوەناوە بیر لە دۆزینەوەی شوێنگرەوەی تێن هاگی راهێنەر بکەنەوە، ئەگەرچی ئەوان لە دواکۆبوونەوەدا لەگەڵ ئەو راهێنەرە، متمانەیان پێداوەتەوە بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ یانەکەی.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی دەڵێ، بەرپرسانی یانەکە بەنهێنی لەگەڵ ژمارەیەک راهێنەری بەربژێر بۆ مەشقدانی یانەکە کۆبوونەتەوە.
 
رۆژنامەکە ناوی راهێنەرە بەربژێرەکانی شوێنگرتنەوەی تێن هاگی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو کە کارگێڕیی یونایتد، بیر لە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، تۆماس فرانک، راهێنەری ئێستای برێنتفۆرد و رۆبین ئامۆریم، راهێنەری ئێستای سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی دەکاتەوە.
 
هەواڵی رۆژنامەکە، لە کاتێکدایە کە تێن هاگ لە چەندین لێدوانی رۆژنامەڤانیدا دووپاتیکردووەتەوە کە قسەکردن لەبارەی دوورخستنەوەی لە مەشقدانی مانچێستەر یونایتد، تەنیا درۆیەکە و لە هەندێک شوێندا هێرشی کردە سەر رۆژنامەڤانان و بە"هەڵبەستەری چیرۆک و درۆ لەبارەی داهاتووەوە" تۆمەتباری کردن.
 
مانچێستەر یونایتد کە ساڵی سێیەمیەتی لەگەڵ تێن هاگ، ئەنجامەکانی باش نین، تیپەکە پلەی دوانزەی ریزبەندی خولی پرێمەرلیگی گرتووە بە 11 خاڵ و کۆی دە خاڵ لە تیپەکانی پێشەوەی ریزبەندییەکە دوورە.
 
مانچێستەر یونایتد لە یۆرۆلیگیش ئەنجامەکانی باش نین و لە سێ یاریدا کە یانەکە ئەنجامیداوە، هەرسێ یارییەکەی بەیەکسانبوون کۆتایی پێهێناوە و دواترینیان یەکسانبوونی بوو بەرامبەر فەنەربەهچەی تورکی بە گۆڵێک.
 
مانچێستەر یونایتد نزیکبوو بەرلەدەستپێکردنی وەرزی ئەمساڵ، تێن هاگ لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، بەڵام پاش شکستهێنانی دانوستاندنی یانەکە لەگەڵ چەند راهێنەرێک، لە نێویاندا تۆماس توخێل کە لە ماوەی رابردوودا مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای وەرگرت، یانەکە بڕیاری بەردەوامبوونی ئێریک تێن هاگی دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە