لە ئوسترالیا دەست بەسەر هۆشبەرەکانی لامپارددا گیرا

دوێنێ کاژێر 07:40
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فرانک لامپارد یانەی چێڵسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئوسترالیا ئاشکرایانکردووە، بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەر لەلایەن پۆلیسەوە لە یانەیەکدا دەستیبەسەردا گیراوە، کە وێنەی فرانک لامپاردی ئەستێرەی پێشووی چێڵسی ئینگلیزی بەسەرەوە بووە.
 
میدیاکان دەڵێن، بڕە هۆشبەرەکە زۆر بووە و ئەو وێنەیەی لامپاردی بەسەرەوە بووە کە ساڵی 2017 ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی چێڵسی دەکات لە نێو یاریگەی ستامفۆرد بریج.
 
لامپارد، پاشئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە وێنەکەی پێشاندراوە، وێنەکەی خۆی بەسەر بڕە هۆشبەرەکەوە بینیوە، گوتوویەتی، "لەوانەیە هەمووان بزانن کە وەڵامی من چییە، نازانم چی بڵێم، هیچ پەیوەندییەکم بەباتەکەوە نییە، تەنانەت نازانم چۆن وەڵامی هەواڵەکە بدەمەوە".
 
میدیای ئوسترالیا دەڵێن، هۆشبەرەکە لە نێو چەندین جانتای تایبەتدا بووە کە وێنەی لامپاردی بەسەرەوە بووە و لە یانەیەکی تایبەت بەشەپۆل سواری دەستیبەسەرداگیراوە و بایی 38 ملیۆن پاوەند بووە.
 
لێکۆڵەران پێیانوایە، خاوەنی هۆشبەرەکە هاندەری چێڵسی بووە، هەر بۆیە وێنەی لامپاردی لەسەر ئەو مادەیە داوە.
 
پۆلیسی ئوسترالیا، وتوویەتی جانتا پڕ لە هۆشبەرەکان بەگشتی کێشیان 95 کیلۆگرام بووە. پێکهاتووە لە میسافیتامین و پۆلیس لە لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکاوە شوێنپێی هەڵگرتووە تاوەکو گەیشتووەتە ناوچەی ماربۆرا لە رۆژئاوای سیدنی پایتەختی ئوسترالیا.
 
تۆمەتباری گوێزەرەوەی هۆشبەرەکە کەسێکە بەناوی ریچارد برۆسیرۆ، تەمەنی 37 ساڵە و لە گەڕەکی لیڤەرپوول لە باشووری رۆژئاوای سیدنی ژیاوە.
 
پۆلیس گوتوویەتی، تۆمەتبارەکە براوەتە دادگا و ئەو داوای ئازادکردنی بەدەستەبەر نەکردووە، هەربۆیە لای پۆلیس دەستبەسەرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە