ئەنچیلۆتی دەبێتە کۆدی نهێنیی بردنەوەی کلاسیکۆ

دوێنێ کاژێر 06:45
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید کلاسیکۆ یاریی کلاسیکۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتا

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، بەر لە یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر بارسێلۆنا لە کلاسیکۆ، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید رووبەڕووی دۆخێکی سۆزاوی بووەتەوە لە نێو ژووری جلگۆڕینی تیپەکەیدا.
 
کاژێر 22:00 ی ئەمشەو بەکاتی باشووری کوردستان، ریال مەدرید لە گەڕی یانزەی لالیگا، لەنێو یاریگە سانتیاگۆ بیرنابیۆ، میوانداریی بارسێلۆنا دەکات.
 
تۆڕی 'دیڤێنستا سێنتراڵ' ئاشکرایکردووە، ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بووەتە خێزانێکی گەورە و متمانەدار بە کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەر.
 
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەداوە کە هەمووان لە ژووری یانەکەدا، خۆشەویستییان بۆ ئەنچیلۆتی دووپاتکردووەتەوە و رێزی زۆری دەگرن، یەکگرتوون لە چواردەوری، بەشێوەیەک کە بەڵێنیانداوە بردنەوەی کلاسیکۆ بکەنە دیاری بۆ ئەو راهێنەرە، چونکە پێیانوایە ئەو کاپتنی کەشتییەکەیە و هیواخوازن لەگەڵیان بەردەوام بێت.
 
هەواڵی تۆڕە ئیسپانییەکە، لە دوای ئەو رەخنانە دێت کە میدیاکانی ئیسپانیا بەهۆی ئاستی ریال مەدریدەوە، لە کارلۆ ئەنچیلۆتییان گرت، لەبەرئەوەی تیپەکەی لە یارییەکانی ئەمساڵیدا، وەک پاڵەوانی ئیسپانیا و ئەوروپا دەرناکەوێت و ئاستی جێگیر نییە.
 
تۆڕەکە دەڵێ، بڕیارەکەی یاریزانانی ریال مەدرید و بەڵێنەکەیان، کاریگەریی دەروونیی و سۆزاوی لەسەر کارلۆ ئەنچیلۆتی دروستکردووە و نزیکبووە لە ژوورەکەدا دەست بەگریان بکات بەهۆی هەڵوێستی یاریزانەکانەوە.
 
تۆڕەکە زیاتر روونیکردووەتەوە، ئەنچیلۆتی هەست بەسۆز و گەرمیی یاریزانەکانی دەکات بەر لە یارییە گرنگەکە بەرامبەر بارسێلۆنا. متمانەی گەورەی پێیانە بەوەی کە دەتوانن دۆخەکە باش بکەن لە یارییەکانی داهاتوودا و پێیوایە ئەوان بەربژێری بردنەوەی کلاسیکۆن.
 
ئەو سەرچاوەیە زیاتر دەڵێ، هەموو یاریزانان پەیوەندی باشیان لەگەڵ راهێنەری تیپەکە و لە نێو خۆیاندا هەیە، وێڕای ئەوەی کە لە یارییەکانی رابردوویاندا وەک تیپێکی باش دەرنەکەوتوون.
 
هەروەها دەڵێ، "یاریزانەکان دەزانن کە هەڵەکانیان چییە و ویستی ئەوەیان هەیە ئاستێکی باش پێشان بدەن، لەبەرئەوەی ئەوە تاکە رێگەیە بۆ باشترکردنی دۆخی خۆیان و ئەمڕۆش بەویست و رۆحیەت و جۆشوخرۆشەوە دادەبەزنە نێو یارییەکە، هاوشێوەی ئەوەی لە گێمی دووەمی یارییەکەی بۆرووسیا دۆرتمۆند پێشانیاندا".
 
لە یارییەکەی دۆرتمۆندا، ریال مەدرید لە گێمی یەکەمدا زۆر بەخراپی دەرکەوت و دوو گۆڵی لێکرا، بەڵام لە گێمی دووەمدا ریمۆنتادای کرد و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە