ئەمڕۆ کلاسیکۆیە.. بارسێلۆنا دەیەوێت ئەمجارە لە ریال مەدرید بباتەوە

26-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا ریال مەدرید کلاسیکۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەردووکیان لە دوو بردنەوەی سەرنجڕاکێشی چامپیۆنزلیگەوە هاتوون، هاتوون بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە هەمیشە لەلایان بەهێزترین و تایبەتترین یاریی وەرزە، یاریی کلاسیکۆ.
 
ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا لە بێرنابیۆ لە یەکەم کلاسیکۆی ئەم وەرزەدا رووبەڕووی بارسێلۆنای رکابەری هەمیشەیی دەبێتەوە، بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەو پرسیارانەی لە سەرەتای وەرزەوە مێشکی بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، لەکاتێکدا ئاستی یانەکە لە هەڵبەز و دابەزدایە و هاندەرانی دوودڵن.
 
لۆس گالاکتیکۆس، بەبێ کارڤاخاڵ، دەیڤد ئالابا، تیبۆ کۆرتوا و رۆدریگۆ ئەم کلاسیکۆیە دەکات، بەڵام براهیم دیاز گەڕاوەتەوە بۆ یارییکردن ئامادەیە.
 
ریال مەدرید لە دوایین سێ کلاسیکۆدا لەسەر هەموو ئاستەکان لە بارسێلۆنای بردووەتەوە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەویش ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ بلاوگرانا یەکساندەکاتەوە و لە رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەردەوامدەبێت.
 
بە متمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە هاتە دەرەوە، دوای بردنەوەیەکی گەورە و کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانی کەتەلۆنییەکان ئەمجارە دەیەوێت ریال مەدرید تێبپەڕێنێت، کاتێک یەکەم کلاسیکۆی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا ئەنجامدەدات.
 
بارسا جیاواز لە وەرزی رابردوو، بە هێزێکی زۆرەوە دەرکەوتووە و تاوەکو بەر لەم یارییە یەکێک لە باشترین یانەکانی ئەورووپایە، چ لە رووی ئاست و ئەنجامەوە چ لە رووی هێرشبەری و تۆمارکردنی گۆڵەوە.
 
یارییەکە هەرچەند لە دەرەوەی یاریگەی خۆیانە، بەڵام بردنەوە بۆ ئەوان هەنگاوێکی گەورەیە و تیپەکە زیاتر لەو بیرۆکەیە نزیک دەکاتەوە، کە ئەوان ئەم وەرزە دەتوانن رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی لالیگا بکەن.
 
بارسێلۆنا لەم وەرزەی لالیگادا یەک یاریی دۆڕاندووە، بەبردنەوەی یارییەکە جیاوازییەکەیان بۆ شەش خاڵ بەرزدەکەنەوە.
 
لیڤاندۆڤسکی، رافینیا و یامال میوانی مەدریدن، ڤینیسیۆس، ئێمباپێ و بێلینگهام ئامادەن، بێرنابیۆ پڕ دەبێت لە رکابەری، رکابەرییەک کە تەنیا سێ خاڵە، بەڵام سێ خاڵی تایبەت و جیاواز.

لێدوانی راهێنەران
 
بەر لە یارییەکە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "راستگۆیانە بم بارسێلۆنا کارێکی گەورە دەکەن، لە یارییەکی وەکو کلاسیکۆدا یان دێربیدا، هەڵبژاردنی باشترین تیپ بۆ بردنەوە زۆر قورسە، خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ تیپێک نییە، بەهۆیەوە خەوم لێنەکەوێت."
 
کارلۆ لەبارەی کارکردنی هانزی فلیکەوە دەڵێت "نامەوێت بەراوردی لەنێوان کارەکانی فلیک و چاڤی بکەم، چونکە بەرای من چاڤی کارێکی گەورەی بۆ بارسێلۆنا کردووە، لە رووی شێواز و بیرکردنەوەوە و ئێمە لە سەردەمی چاڤیدا چەندجارێک بە بارسێلۆنا دۆڕاین، بارسێلۆنای ئێستا لە هەندێک رووەوە جیاوازەوە، بەڵام رێزی زۆر لە چاڤی دەگرین."
 
پرسیاری ڤینیسیۆس جونیۆر لە راهێنەری ریال مەدرید کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "ڤینیسیۆس وەکو یاریزانێکی تۆپی پێ زۆر پێشکەوتووە، بووەتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، گومانی تێدا نییە براوەی داهاتووی باڵۆن دۆر ئەو دەبێت، تاوەکو ئێستاش یاریزانێکی خۆبەزلزان نییە و ئەو متمانەبوونی خۆی دەپارێزێت کە لەو کاتەوە هەیبوو کە یەکەمجار بینیم."
 
لەلایەن خۆیەوە هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا گوتی "دەبێت هەندێکی دیکە پێشبکەوین، لەگەڵ هەر یارییەکدا هەمان شت ئەنجامدەدەین و خۆمان بۆ یاریی داهاتوو دەگونجێنین، هەمان شتیش بەرامبەر ریال مەدرید دەکەین، بەرامبەر بایرن میونشن و تیپەکانی دیکەی لالیگاش کە یاریمانکردووە، ئەوەمان کردووە، ئەوان یاریزانی زۆر خێرایان هەیە، ئێستا بەرامبەر ریال مەدرید یاری دەکەین و ئەوان یاریزانی زۆر گەورەیان لەسەر ئاستی جیهان هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا باوەڕی زۆرم بە یاریزانەکانی تیپەکەم هەیە، چونکە بەراستی بەرامبەر بایرن میونشن زۆر نایاب بوون، کاتێک کەمێک تووشی کێشە بووین."
 
فلیک متمانەی خۆی بە تیپەکە دووپاتکردەوە و دەڵێت "باوەڕم بە تیپەکەم هەیە، ئێمە کوالێتییەکی زۆرباشمان هەیە، چ بە تۆپەوە بێت یانیش بەبێ تۆپ، ئەمەیە کە ئێمە دەمانەوێت بیبینین، بۆ ئەوان هەمووان بۆ یەکدی یاری بکەن و را بکەن، ئەمە گرنگترین شتە، ئێمە یەک تیمین و دەزانین چی بکەین، کاتێک بەیەکەوە یاری دەکەین، ئەوە هێزی گەورەی ئێمەیە."

هەردوو یانە لەم وەرزەدا


بارسێلۆنا لە لالیگادا، تاوەکو ئێستا لە 10 گەڕی رابردوودا، 9 بردنەوە و 1 دۆڕانی هەیە، یانەکە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیایە و خاوەنی 27 خاڵە، لەم وەرزەدا 33 گۆڵی تۆمارکردووە و 10 گۆڵی لێکراوە.
 
لە بەرامبەردا ریال مەدرید لە 10 گەڕی رابردووی خولەکەدا، 7 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی هەیە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە بە 24 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندە، 21 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 گۆڵی لێکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە