بەر لە کلاسیکۆ دۆخی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەتەقێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گرژی و ناتەبایی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، چەند رۆژێکی کەم بەر لە کلاسیکۆ، هەڵچوونی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.
 
لە گەڕی یانزەی لالیگادا، بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی ریال مەدرید دەکات، لەسەر یاریگەی مۆنتجویک.
 
ئەوەی دۆخەکەی نێوان هەردوو یانەی بەرەو هەڵچوون بردەوە، لێدوانەکانی بەرپرسێکی بارسێلۆنا بوو، لەبارەی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید.
 
پێشتر میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردبوو، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، ئەگەرچی لە کلاسیکۆی پێشوودا (لە مانگی سێی ئەمساڵدا)، ئامادەی یاریی نێوان هەردوو یانە نەبوو، بەهۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەڵام ئەمجارە بڕیاریداوە سەرۆکایەتی شاندی یانەکەی بکات بۆ چوونە یاریگەی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا.
 
میدیاکان گوتبوویان، پێرێز هەستدەکات یاریزانەکانی بەهۆی پەیوەندیی ناتەبای نێوان هەردوویانەوە، رووبەڕووی گوشاری زۆر دەبنەوە لە کەتەلۆنیا، هەربۆیە پێویستە لەوێ ئامادەبێت بۆ پشتگیرییان.
 
میدیاکان هەروەها ئاماژەیان بەوەدابوو کە چوونی پێرێز بۆ کەتەلۆنیا، نیازپاکیی و دەستپێشخەریی سەرۆکی ریال مەدریدە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەنی نێوان هەردوو یانە، لە کاتێکدا سەرهەڵدانی دۆسێی نێگرێرا و تۆمەتبارکردنی بارسێلۆنا بەبەرتیلدان بە ناوبژیوانان و هەڵوێستوەرگرتنی ریال مەدرید لەسەر دۆسێیەکە لە دژی بارسا، پەیوەندیی نێوان هەردوو یانەی بەرەو ساردوسڕیی بردبوو.
 
دۆخەکە تەقییەوە
 
لە نێو ئەو ئارامبوونەوە و هەواڵانەدا کە باسیان لە باشبوونی دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانە دەکرد، میکێل کامپس، جێگری وتەبێژی بارسێلۆنا، پەیوەندییەکەی نێوان هەردوو یانەی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سفر.
 
ئەو بەرپرسە، لە پۆستێکی تۆڕی 'ئێکس'دا، وایدانابوو کێشەکانی ڤینیسیۆس لە یاریگەدا بریتی نین لە رەگەزپەرستی بەرامبەر ئەو یاریزانە. ئەو هێرشیکردە سەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی ریال مەدرید و ئەوی بە "بووکەڵەی تەمبەڵ ناوبرد" کە "شایستەی ئەوەیە کەسێک لەبناگوێی بدات".
 
ئەو بەرپرسە ئەگەرچی دواتر بەهۆی کاردانەوە و گوشارەوە پۆستەکەی سڕییەوە، بەڵام توانی پەیوەندی نێوان هەردوو یانە جارێکی دیکە تێکبداتەوە.
 
دوای ئەو رووداوە، رۆژنامەی 'مارکا' کە لە کارگێڕیی ریال مەدریدەوە نزیکە ئاشکرایکرد، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لە هەڵوێستی چوون بۆ کلاسیکۆ پاشگەزبووەتەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ سەرۆکی ریال مەدرید لە قسەکانی ئەو بەرپرسە رازی نییە، ئەوەندەی لەوە نیگەرانە کە بارسێلۆنا بەفەرمی هیچ هەڵوێستێکی لەسەر سووکایەتی بە یاریزانەکەی ریال مەدرید نەبووە.
 
پۆستەکەی کامبس، لەدوای چەند رۆژێک لە جارێکی دیکە رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس هات لە یاریی نێوان سێڤییا و ریال مەدرید کە تێیدا هاندەرێکی یانەکە، وەک مەیموون بەرامبەر ڤینی هەڵپەڕی و یانەی سێڤییاش بەفەرمی بێبەشکردنی ئەو هاندەرەی لە ئامادەبوون لە یارییەکانی بێبەشکرد.
 
بارسێلۆنا بەڵێن دەدات
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نیگەرانیی و پاشگەزبوونەوەی چوونی پێرێز بۆ کەتەلۆنیا، یانەی بارسێلۆنا بەئاراستەی ئارامکردنەوەی دۆخی گرژی لەگەڵ ریال مەدرید هەڵوێستی وەرگرت.
 
رافا یۆستی، جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا بەفەرمی لێدوانی لەسەر قسەکانی جێگری بەرپرسی وتەبێژی یانەکەدا و هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکەیدا.
 
یۆستی قسەی بۆ رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی نزیک لە بارسێلۆنا کرد و دووپاتیکردەوە یانەکە داوای لێبوردن لەو قسانەی جێگری بەرپرسی وتەبێژەکەی دەکات.
 
ئەو بەرپرسەی بارسا گوتوویەتی، "ئەگەر ڤینیسیۆس لە منی وەردەگرێت با دڵنیابێت لەوەی جارێکی دیکە نە ئەو بەرپرسە و نەهیچ بەرپرسێکی دیکەی بارسێلۆنا ئەو جۆرە پۆستانە بەرامبەر ئەو دووبارە ناکەنەوە".
 
جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا هەروەها گوتوویەتی، "ئەوەی روویدا ئەگەر تەنانەت قسەیەکی لەدەم دەرچووش بێت، نابێ جارێکی دیکە رووبداتەوە، ئەوە پۆستێکی جێگەی داخ بوو".
 
دۆسێی رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر، وەرزی رابردوو لە لالیگادا تەقییەوە. بووە هۆکاری نانەوەی مشتومڕی زۆر لە ئیسپانیا و جیهان، پاشئەوەی رووبەڕووی رەگەزپەرستی بووەوە لە چەندین یاریگەی جیاوازی لالیگادا.
 
ڤینی پشتگیری گەورەی جیهانی لە بەرامبەر دروشم و هەڵوێستە رەگەزپەرستییەکان بەدەستهێنا، دواتر سەرۆکی فیفا بەفەرمی پێشوازیی لێکرد و پشتگیری خۆی بۆ هێرشبەرەکەی بەرازیل دەربڕی.
 
چاڤی هەڵوێستی خۆی راگەیاند
 
پەرچەکرداری بارسێلۆنا بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ریال مەدرید، دەستپێشخەریی زیاتری بەخۆوە بینی کاتێک راهێنەری یانەکەش قسەی لەسەر هەمان بابەت کرد.
 
چاڤی هێرناندێز دوای سەرکەوتنی یانەکەی بەسەر شاختار دۆنێسکی ئۆکراینی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە لەبارەی ئەوەی روویداوە.
 
جاڤی گوتی، "ئەو پۆستەکەی خۆی سڕیوەتەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە شتێک روویداوە".
 
راهێنەری بارسێلۆنا، زیاتر گوتی، "هیچ شتێکم بەدڵ نییە کە ببێتە هۆی دروستبوونی پشێویی زیاتر، ئێمە دەبێ کلاسیکۆ بە یارییەکی جوان و خاوێن و رێزگرتنی یەکدیی و پێزانینی یەکدی بۆ هەردوولا، ئەنجام بدەین".
 
چاڤی خۆی کە ساڵانێکی بەرچاو بەدرێسی بلوگراناوە بەشداریی لە کلاسیکۆکاندا کردووە وەک یاریزان، زیاتر گوتوویەتی، "ئێمە زۆر کلاسیکۆمان بەرامبەر ریال مەدرید لە رابردوودا هەبووە کە پڕی پشێوی و کێشە بووە، من ئەو کەسە نابم کە ئەمجارە هەوڵبدات دۆخەکە بشێوێنێت".
 
تاوەکو ئێستا ریال مەدرید هەڵوێستێکی دیکەی لەبارەی داوای لێبوردنەکانی بەرپرسانی بارسێلۆناوە دەرنەبڕیووە، بەڵام پێناچێ سەرۆکی یانەکە لە نەچوون بۆ کەتەلۆنیا پاشگەز ببێتەوە.