شەوێکی ئاگرین لە یۆرۆپالیگ

رووداو دیجیتاڵ

یۆرۆپالیگ دەگەڕێتەوە و ئەم هەفتەیەش چەندین یاری بەهێزی لەخۆ گرتووە. 

 

سلاڤیا پراگ vs رۆما 

 

شەوی پێنجشەمە یاریگەی ئۆڵۆمپیکۆ  دەبێتە مەیدانی رووبەروبوونەوەی رۆما و سلاڤیا پراگ. پێشبینی یارییەکی بەهێز لە نێوان ئەو دوو یانەیە دەکرێت بەتایبەتی دوای ئەوەی توانیویانە هەردوو یاری پێشویان لە یۆرۆپالیگ ببەنەوە و هەردووکیان خاوەنی شەش خاڵن بەڵام سلاڤیا پراگ بە جیاوازی گۆڵ پێشەنگی ریزبەندییەکەی گرتووە. 
 
رۆما بە خراپی دەستیان بەم وەرزە کرد و لە شەش یاری سەرەتای خولی ئیتاڵیدا تەنیا یەك یاری بردەوە، بەڵام جۆزێ مۆرینیۆ توانی یانەکەی بگەڕێنێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و لە دوایین چوار یاریدا توانیویانە سەرجەم یاریەکان ببەنەوە و سێ یاری تۆڕی گۆڵەکەیان بە خاوێنی پاراستووە. سەبارەت بە سلاڤیا پراگ، یانەکە تەنانەت باشتر لە رۆما دەستیان بەم وەرزەی یۆرۆپالیگ کردووە و لە دوو یاریدا دوو سەرکەوتنیان هەیە و هەشت گۆڵیان تۆمار کردوە و هیچ گۆڵێکیان لێ تۆمار نەکراوە.
 
رۆما وەرزی رابردوو زۆر نزیك بوو لەوەی  کە یەکەم نازناوی یۆرۆپالیگ لە مێژووی خۆیدا بەدەست بێنێت بەڵام لە یاری کۆتاییدا بە لێدانی یەکلاکەرەوە دژی سێڤیا تووشی شکست هات بۆیە جۆزێ مۆرینیۆ دەیەوێ قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە و چاوی لەوەیە دووەم نازناوی ئەوروپی بۆ رۆما بەدەست بێنێت دوای ئەوەی نازناوی کۆنفرانس لیگی بۆ یانەکە بردەوە.    
 
 
ئایاکس vs بڕایتۆن

 

لە یاریەکی دیکەی بەهێزدا، ئایاکس ئەمستەردام دەبێتە میوانی بڕایتۆن. هەردوو یانە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕن و چاویان لەوەیە یەکەمین بردنەوەی خۆیان لە یۆرۆپالیگ تۆمار بکەن. بڕایتۆن ماوەی چوار هەفتەیە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و ئایاکسی هۆڵەندیش دوایین بردنەوەیان لە مانگی هەشتدا بوو.
 
ىڕایتۆن لە یاری یەکەمدا لە یۆرۆپالیگ تووشی شکستێکی سەخت بوو و لە یاری دووەمیشیدا بە زەحمەت توانی دژی مارسیلیای فەرەنسی یەکسان ببێت و خاڵێك بەدەست بێنێت. ئێستا یانە ئینگلیزیەکە لە دوایین پلەی ریزبەندی دێت و تەنیا خاوەنی یەك خاڵە. ئایاکس ئەمستەردام بە خراپترین کاتدا تێدەپەڕێت لە مێژووی یانەکە و هەشت یارییە هیچ بردنەوەیەکی نییە و دوای دۆڕانی دوایین یارییان دژی ئۆترێخت لە خولی هۆڵەندی یانەکە بریاریدا بە دوورخستنەوەی مۆریس ستاینی راهێنەر. ئایاکس لە یۆرۆپا لیگدا هەردوو یارییەکە یەکسان بووە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت و خاوەنی دوو خاڵە. 
 
 
بایرلیڤەرکوزن vs قاراباخ

 

تەنیا بایرن میونشن توانیویەتی رێگری لە لیڤەرکوزن بکات لە بردنەوەی هەر 11 یارییەکەی ئەم وەرزەیان لە گشت پاڵەوانێتیەکان، دوای ئەوەی لە ئالیانز ئەرێنا 2-2 یەکسان بوون. بایرلیڤەرکوزن لەم وەرزەدا یەکێکە لە باشترین یانەکانی ئەوروپا و یەکێکە لە پاڵێوراوە سەرەکیەکان بۆ بردنەوەی یۆرۆپالیگ دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لە قۆناخی پێش کۆتایی ماڵئاواییان کرد. یانە ئەڵمانیەکە لەم وەرزەی بۆندسلیگادا لە 8 یاریدا 22 خاڵیان هەیە و پێشەنگی خولەکەیان گرتووە و هاندەرانی یانەکە خەون بە بردنەوەی یەکەمین نازناوی بۆندسلیگا دەبینن لە مێژووی یانەکە.  لە یۆرۆپالیگدا هەردوو یارییەکەیان بردووەتەوە و پێشەنگی کۆمەڵەکەیان گرتووە و خاوەنی شەش خاڵن.
 
بەڵام نابێت تواناکانی پاڵەوانەکەی ئازەرباینجان بە کەم سەیربکرێت، قاراباخ توانیویەتی هەردوو یاریەکەی لە یۆرۆپالیگدا بباتەوە و خاوەنی شەش خاڵە و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ لیڤەرکوزن لە پلەی دووەم دێت و چاویان لەوەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی یانەکە بگەنە قۆناخی کرانەدەرەوەی یۆرۆپالیگ.
 
 
لیڤەرپوول vs تۆلۆس

 

لە یارییەکی دیکەی گرنگدا، لیڤەرپوول لە یاریگەی ئانفیڵد میوانداری تۆلۆسی فەرەنسی دەکات. لیڤەرپوول یەکەمین جارە دوای ساڵی 2016 بەشداری لە یۆرۆپالیگدا دەکات، ئەمەش دوای ئەو ئەنجامە خراپانەی وەرزی رابردووی یانەکە دێت لە پرێمەرلیگ کە وای کرد نەتوانێت لەو چوار یانەیە بێت کە بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات. یانە ئینگلیزیەکە وەك پێشبینی کرابوو هەردوو یارییەکەی لە یۆرۆپالیگ بردووەتەوە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی دێت و خاوەنی شەش خاڵە. سەبارەت بە تۆڵۆس، یانە فەرەنسیەکە دۆخی باشە لە یۆرۆپالیگ و لەو دوو یاریەی کردوویەتی بردنەوەیەك و یەکسانبوونێکی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت و خاوەنی چوار خاڵە.