مانچێستەر یونایتد بۆ دیخیا پەشیمانە



رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی مانچێستەر یونایتد گڵۆپی سەوزی گەڕانەوەی بۆ دیخیای گۆڵپارێزی پێشووی هەڵکردووە، تاوەکو لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە یانەکە.
 
مانچێستەر یونایتد هاوینی ئەمساڵ، بڕیاریدا گرێبەستی دیخیا نوێنەکاتەوە و ئەو گۆڵپارێزە ناچاربوو یانەکە بەجێبهێڵێت. یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ئاندرێ ئۆنانای کامیرۆنیدا کرد کە گۆڵپارێزی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بوو.
 
دیخیا پێشتر ماوەی 12 ساڵ گۆڵپارێزی سەرەکیی مانچێستەر یونایتد بوو. بەڵام هەڵە بەردەوامەکانی و باش یاریینەکردن بەقاچ، کە تێن هاگی راهێنەری نوێی یانەکە حەزی لێدەکات وەک بەشێک لە پلان و تاکتیکی یارییکردن، بوونە هۆکاری دەستبەرداربوونی مانچێستەر یونایتد لە دیخیا.
 
ئۆنانا گۆڵپارێزی دڵخوازی تێن هاگی راهێنەری یانەکەیە، بەڵام ئەو گۆڵپارێزە لەماوەی رابردوودا زنجیرەیەک هەڵەی زەقی لە یارییەکانی یانەکەیدا کرد و بەهۆیەوە یانەکە لە پرێمەرلیگ و پاڵەوانێتییەکانی دیکەش، چەندین خاڵی لەدەستدا. هەرئەوەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی هاندەران داوای گەڕانەوەی دیخیا بکەن و ئۆنانا بکەوێتە ژێر گوشاری زۆرەوە.
 
رۆژنامەی 'زە سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، یونایتد بیر لە گێڕانەوەی دیخیا بۆ یانەکە دەکاتەوە، ئەمەش بەپلەی یەکەم بەهۆی رۆیشتنی ئۆنانا بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار، لەپێناو بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا کەسەرەتای ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، مان یونایتد دەیەوێت گرێبەستێکی کورت بۆ ماوەی تەنیا دوو مانگ لەگەڵ دیخیا بکات، بۆ مانگەکانی یەک و دووی ساڵی داهاتوو.
 
ئەگەر هەڵبژاردەی کامیرۆن بۆ قۆناخەکانی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا سەربکەوێت، ئەوکات ئۆنانا لە هەشت یاریی تیپەکەیدا بەشداریی ناکات لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان.
 
دیخیا لە دوای رۆیشتنیەوە لە مان یونایتد، نەچووەتە هیچ یانەیەک.
 
پێشتر مان یونایتد نوێکردنەوەی گرێبەستی دیخیای بەستبووەوە بەمەرجی کەمکردنەوەی مووچەکەی لە 375 هەزار پاوەندی هەفتانەوە بۆ 200 هەزار پاوەند، بەڵام ئەو گۆڵپارێزە ئەوەی رەتکردەوە و بەهۆیەوە لە یانەکە رۆیشت.
 
دیخیا 545 یاریی بۆ مانچێستەر یونایتد ئەنجامداوە و 590 گۆڵی لێکراوە و 190 کلین شیتی هەبووە. ماوەی یارییکردنی ئەو گۆڵپارێزە لە نێوان 2011 تاوەکو 2023 بوو.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە ئایا دیخیا بەو گەڕانەوە کاتییە بۆ مانچێستەر یونایتد رازی دەبێت یان نا.