"ڤینیسیۆس جونیۆر هاندەری بارسێلۆنا بوو و بۆ یانەکە گریاوە"

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاندرێ کۆری، دۆزەرەوەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا بۆ دۆزینەوەی یاریزان لە بەرازیل، چەند نهێنییەکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی ڤینیسیۆس جونیۆر ئاشکرا دەکات.
 
کۆری لە لێدوانێکدا دەڵێت " هەموو شتێکم لەگەڵ ڤینیسیۆس تەواوکردبوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە بکات، کە ئەو کاتە یاریزانەکە دوو بەڕێوەبەری کاری هەبوو و هاوڕێی نزیکی من بوون."
 
ئاندرێ زیاتر دەڵێت "هاوڕێکانم کە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەبوون، ناپاکیان بەرامبەر من و بارسێلۆنا کرد، بوونە هۆکاری ئەوەی کە یاریزانەکە بچێتە ریال مەدرید، تەنیا بەهۆی ئەوەی کە ریال مەدرید پارەی زیاتری بەو یاریزانە دەدا، بەو هۆیەشەوە لەو کاتەوە قسەم لەگەڵ ئەو دوو کەسە نەکردووە."
 
ئەو ئەندامەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا زانیارییەکی دیکەی ئاشکرا کرد و گوتی " ڤینیسیۆس هاندەرێکی سەرسەختی یانەی بارسێلۆنا بوو، کاتێک لە 2017 بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا ریمۆنتادای بەرامبەر پاریس سانجێرمان تۆمارکرد، یاریزانەکە لە خۆشیا دەگریا و ئاهەنگی دەگێڕا، هەمیشەش لیۆنێل مێسی بەلاوە لە رۆناڵدۆ باشتربوو و مێسی وەک نموونەی بەرزی خۆی سەیر دەکرد."
 
ڤینیسیۆس لە ساڵی 2018 پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، ئێستا نرخی گواستنەوەی دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ و گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانەی شاهانە لە هاوینی ساڵی 2025 کۆتاییدێت.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی پێکهاتەی کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدە و لە 12 یارییدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئاسیستی هەیە.