قۆناخی 16ـی کاراباو کەپ.. چێڵسی بۆ دووبارەکردنەوەی مێژوو یارییدەکات

26-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی کاراباو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی جامی کاراباو دەستپێدەکەن، یانەی چێڵسی چاوی لە دووبارەکردنەوەی مێژووە، بەرامبەر یانەی ساوسامپتۆن.
 
کاژێر 21:45 بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی چێڵسی لە یاریگەی ستامفۆرد بریچ بەرامبەر یانەی ساوسامپتۆن یارییدەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
 
یانە لەندەنییەکە لەکاتێکدا ئەم یارییە دەکات کە لە پرێمەرلیگدا ئەنجامەکانی باشن و لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت تۆماس تۆخێل گۆڕانکارییەکی زۆر لە پێکهاتەکەیدا بکات، هەم بۆ ئەوەی پشوو بە یاریزانە سەرەکییەکانی بدات، هەمیش بۆ ئەوەی دەرفەت بداتە یاریزانە لاوەکان، جگە لەوەی کە رۆمێلو لوکاکو و تیمۆ ڤێرنەر بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکەدا ئامادەنابن.
 
چێڵسی و ساوسامپتۆن دوو جار لەم پاڵەوانێتییەدا بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، هەردوو جارەکەش چێڵسی یارییەکەی بردووەتەوە، دوایینجار لە وەرزی 1998-1997 بووە، کە یانە لەندەنییەکە 2-1 لە ستامفۆرد بریچ یارییەکەی بردەوە و لە کۆتاییشدا نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە.
 
چێڵسی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە پرێمەرلیگدا 3-1 لە ساوسامپتۆنی بردەوە، یەکجار یانەکە لە مێژوودا لە یەک مانگدا دوو یاریی لە یانەیەک بردووەتەوە، ئەویش بەرامبەر لیڤەرپوول بووە لە سەرەتای ساڵی 1997.
 
لە یارییەکی دیکەدا کە هەمان کات بەڕێوەدەچێت، یانەی ئارسیناڵ میوانداری یانەی لیدز یونایتد دەکات.
 
گانەرز دەیەوێت سوود لەو بارودۆخە خراپە وەربگرێت کە لیدز یونایتد پێیدا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یارییەکی دیکەشدا کە ئەویشیان کاژێر 21:45 دەکرێت، هەردوو یانەی کۆینز پارک رێنجەرز و ساندەرلاند بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە