میسی و رۆناڵدۆ شەڕی شکاندنی ژمارە پێوانەییەکان دەکەن

26-10-2015
هێژا خەسرەو
رووداو
رووداو
نیشانەکردن تۆپی پێ
A+ A-

دوو ئەستێرەی هەسارەیەکی دیکە، دوو گەورە یاریزانی جیهانی تۆپی پێ، دوو جۆرە تایبەتمەندی و بەهرەی جۆراوجۆر، دوو دیکتاتۆرەکەی تۆپی پێ، دوو یاریزان کە سەرجەم خەڵاتەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە، شەڕی بەدەستهێنانی ئەوان لەسەر نازناوێک و پاڵەوانیەتییەک نییە، بەڵکو شەڕی ئەوان لەسەر کۆکردنەوەی زۆرترین نازناوە، جگە لەمانەش ژمارەی پێوانەیی نەماوە بەناوی ئەمانەوە نەکرێت، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە تەنیا شکاندنەوەی ژمارە پێوانەییەکانی یەکدییە.

لیۆنێل میسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئارجێنتینا تەمەنی ٢٨ ساڵە و لە شاری رۆساریۆی ئارجێنتینا لە دایکبووە، مێسی ئەو یاریزانەی بەشێک لە ورزشوانان دەڵێن: تەنیا میسییە بارسای راگرتووە و بەبێ میسی بارسا تامی بردنەوەی نازناو ناکات، کوڕەکەی تانگۆ چەندین نازناو و شانازی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە، چەندین ژمارەی پێوانەییش هەر بەناوی خۆیەوەیە و مەگەر خۆی بتوانێت بیانشکێنێتەوە.

چوار جار باشترین یاریزانی جیهان و دوو جاریش باشترین یاریزانی ئەوروپا گرنگترین دەستکەوتەکانی میسین، ئەمە سەرەڕای چەندین دەستکەوتی دیکەی تاکە کەست کە لە هەژمار نایەت، لەگەڵ یانەکەشی چوار جار بەدەستهێنانی جامی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، حەوت جار بردنەوەی خولی ئیسپانی، سێ جار جامی شای ئیسپانیا، شەس جار جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی سوپەری ئەوروپاش سێ جار و دوو جاریش جامی جیهانی یانەکان، ئەمانە نازناوە بەکۆمەڵەکانی میسی لەگەڵ یانەکەی.

لە هەڵبژاردەی ئارجێنتینیشدا جارێک نازناوی جامی جیهانی لاوان و خاوەنی پلەی یەکەم و میدالیای ئاڵتوونی لە ئۆڵۆمپیادی پەکینی ساڵی ٢٠٠٨.

بەشێکیش لە ژمارە پێوانەییە جیهانیەکان هەر بەناوی خۆیەتی، بەدەستهێنانی چوار نازناوی باڵۆن دۆر، تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی لالیگادا بە ٥٠ گۆڵ، گۆڵکاری مێژوویی لالیگایە بە ٢٨٧ گۆڵ، زۆرترین ئاسیست لە خولی لالیگادا ١١٢ ئاسیست، گۆڵکاری کلاسیکۆیە بە ٢١ گۆڵ، ئەمانە و چەندان ژمارەی پێوانەیی دیکە بووەتە موڵکی کاپتنەکەی ئارجێنتینا.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تۆڕنادۆ، تۆماهۆک، کۆماندۆزەکەی پۆرتوگال یاریزانی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، تەمەنی ٣٠ ساڵە لە مادێرا لە پورتوگال لەدایکبووە، خۆهەڵدانە بەرزەکانی،  لێهاتوویی و جموجۆڵەکانی، لێدانە بەهێزەکانی ترسی خستووەتە دڵی میسی و هەردەم هەوڵی هەژانی عەرشی ئەو یاریزانە ئارجێنتیناییە دەدات، رۆناڵدۆش هیچی وای کەمتر نییە لە میسی چ لە نازناوەکان چ لە ئاستی یاریکردنەوەبێت.

دۆن لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لە یانەی ریال مەدرید یاریدەکات و بەم چەند ساڵە کەمە چەندین شانازی گرنگی بەدەستهێناوە، دەسکەوتەکانی رۆناڵدۆ ئاسایی نین و ژمارە پێوانەییەکانی رۆناڵدۆ زۆر سەرسوڕهێنەرن.

دووجار نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەگەڵ دوو یانەی جیاواز لە سەروو دەستکەوتەکانی کورەکەی مادێران، سێ جار نازناوی خولی ئینگلیزی، جامی کاپیتەڵ وەن دوو جار، جارێکیش خولی ئیسپانی، دووجار جامی شای ئیسپانیا، جامی سوپەری ئیسپانیا جارێک و سوپەری ئەوروپیش جارێک، دووجاریش جامی جیهانی یانەکان.

سێ جار باشترین یاریزانی جیهان و جارێکیش باشترین یاریزانی ئەوروپا، ژمارە پێوانەییەکانیشی لە ماوەیەکی کەمدا سەری لە ئامارەکان شێواندووە.

لە خولەکی ١- ٩٠ لە سەرجەمیاندا گۆڵی تۆمارکردووە، زۆرترین گۆڵ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە وەرزێکدا کە ١٧ گۆڵە، خاوەنی زۆرترین هاتریکە، بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ دەبێتە گۆڵکاری مێژویی یانەی ریال مەدرید و هاوشێوەی میسیش چەندین ژمارەی پێوانەیی هەیە کە ژمارەکانیان شەرمەزار کردووە.

ئەم دوو یاریزانە چەند ژمارەیەکی پێوانەیی لە یەکیان نزیکدەکاتەوە گرنگرینیان شەڕی بەدەستهێنانی گۆڵکاری مێژویی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە کە هەردوو یاریزان لە هەموو یاریەک پێش یەکدی دەکەونەوە و رکابەریەکەیان تا وازهێنانی یەکێکیان بەردەوام دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە