کچان بەهۆی ئیرەیی جۆرجینایان بێزار کردووە

رووداو دیجیتاڵ

 

جۆرجینا رۆدریگێز، خۆشەویستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، رەخنەی لەوانە گرت کە رەخنەی لێ دەگرن و بە بەردەوامی لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە سووکایەتی پێ دەکەن.
 
قسەکانی جۆرجینا لە میانی فیلمە دیکۆمێنتارییەکەی نێتفلێکسدا بوو، کە بەناونیشانی "من جۆرجینام" بڵاویکردووتەوە، و تێیدا باسی لەو رەخنە و سووکایەتییانە کردووە کە لەدوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ کاپتنی نەسڕ رووبەڕوویان بووەتەوە.
 
جۆرجینا ئاماژە بەوە دەدات کە دوای ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ رۆناڵدۆ دەستیپێکرد، چەندین خانم سووکایەتییان پێکردووە، بەهۆی ئیرەیی بردن بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە.
 
جۆرجینا دەڵێت "لە ساڵی 2016 دوای ئەوەی لەگەڵ رۆناڵدۆ لە دیزنی لاند دەرکەوتم، کەسانێکم بینی کە ئیرەییان پێدەبردم، پێڵاوی گوچیم لەبەردابوو و هەندێک لە کچەکان گاڵتەیان پێدەکردم".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو خانمە ئەرجەنتینییە، دەڵێت "گوێم لە کچان بوو کە بە یەکدیان دەگوت، ئایا ئەو پێڵاوە وەرزشییانەتان بەدڵ نییە کە جۆرجینا لەبەری کردووە؟! وەک ئاماژەیەک بۆ گاڵتەکردن بەو پێڵآوەی کە لەپێم کردبوو".
 
جۆرجینا ئاماژە بەوەش دەکات کە ئیڤانای خوشکی زۆر بەتوندی وەڵامی ئەم کچانەی داوەتەوە.
 
جۆرجینا پێیوایە گاڵتەکردن و قسەی ناشیرین شۆکهێنەرن، و دەڵێت "دەمەوێت پرسیارێک ئاراستەی رەخنەگران و ئەوانە بکەم کە سووکایەتیم پێدەکەن، تەنیا دەمەوێت لێیان بپرسم، چ شتێکی هەڵە هەیە؟".
 
هەروەها جۆرجینا ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئەوەی وێنەیەکی خۆی لەگەڵ رۆناڵدۆ لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکردووەتەوە، رووبەڕووی قسەی ناشیرین و سووکایەتی بووەتەوە.
 
خۆشەویستەکەی رۆناڵدۆ ئاماژە بەوەش دەکات "پشوویەکی نایابمان لە کەنار دەریا لە شانشینی سعودیە بەسەردەبرد و وێنەیەکمان لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کەچی بەهۆی کێشمەوە رەخنەی زۆرم لێگیرا، هەندێک لە بەکارهێنەرانیش لە کۆمێنت نووسیبوویان بە فۆتۆشۆپ دەستکاری وێنەکانی پێشووی کردووە".
 
جۆرجینا ئاماژە بەوەش دەدات کە دەستی کردووە بەپشتگوێخستنی ئەو سووکایەتیانە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە خێزانەکەی وازیان لە وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ ئەو رەخنەگرانە هێناوە.