هەفتەی بەریەککەوتنی یانە کوردستانییەکانە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن کلاسیکۆی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پاش دەرکەوتنێکی باش بۆ هەولێر و یەکسانبوونی هەرسێ یانە کوردستانییەکەی دیکەی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەفتەی دووەمی خولەکە، هەفتەی رووبەڕووبوونەوەی یانەکانی باشووری کوردستان دەبێت. زاخۆ رۆژی پێنجشەممە میوانداریی نەورۆز دەکات و دهۆکیش رۆژی دواتر لە یاریگەی خۆیدا پێشوازی لە هەولێر دەکات.
 
زاخۆ - نەورۆز 
 
زاخۆ و نەورۆز، لەم گەڕەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە کاتێکدا هەردوو یانە بەدوای یەکەم گۆڵیان لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا دەگەڕێن.
 
نەورۆز لە گەڕی یەکەمدا، بەرامبەر کەربەلا یارییکرد. یەکێک لە ساردوسڕترین یارییەکانی گەڕەکە، یاریی نێوان نەورۆز و کەربەلا بوو.
 
راھێنەری نوێی یانەی نەورۆز، جۆرڤان ڤیێرا لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی کەربەلا، چەند شێوازێکی نوێی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی یانەکەی بتوانێت گۆڵ تۆماربکات، بەڵام هەوڵەکانی سەری نەگرت. کێشە گەورەکە لە ئاستی نەورۆز لە یەکەم یاریدا ئەوە بوو، کە یاریزانەکان لێکتێگەشتنیان زۆر کەمبوو لەگەڵ یەک و نەیاندەتوانی ئەوەی ڤیێرا دەیەوێت جێبەجێی بکەن. لە دوای خولەکی 70 یاریزانانی نەورۆز بەتەواوی شەکەتی و ماندوبوونیان پێوە دیاربوو. 
 
یانەی زاخۆ، بە ھەمان شێوەی یانەی نەورۆز، یاریی یەکەمی خولەکەی بە یەکسانبوون کۆتایی ھات بەرامبەر یانەی تەڵەبە . 
 
زاخۆ، بە سەرپەرشتی تەڵال بلوشی، لە دووەم وەرزی یارییکردنی لەگەڵ ئەو راهێنەرە، لە یارییەکەدا لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی، بەردەوامبوو لە ھێرشبردن بۆ سەر گۆڵی یانەی تەڵەبە، بەڵام هێرشبەرانی یانەکە توانای گۆڵ تۆمارکردنیان نەبوو. خاڵی گەش لە یارییەکەی زاخۆدا توانای جەستەیی یاریزانانی یانەکە بوو کە تاوەکو کۆتایی، بە توانایەکی جەستەیی بەرزەوە بەردەوام بوون لە ھێرشبردن. 
 
تەکتیکی زاخۆ و نەورۆز یارییەکە بەرەو کوێ دەبات؟ 
 
بەگەڕانەوە بۆ یاریی یەکەمی هەردوو یانە لە خولەکەدا، یانەی زاخۆ لە رووی تەکتیکییەوە ئامادەتر و رێکخراوترە وەک لە یانەی نەورۆز. بەتایبەتی لە رووی فشارخستنە سەر تیپی بەرامبەر بۆ وەرگرتنەوەی تۆپ. نەورۆز لە یاریی یەکەمیدا درەنگ تۆپی وەردەگرتەوە، لەبەرامبەردا تیپەکەی تەڵال بلوشی، زۆر بەباشی گوشاریان لەسەر یانەی تەڵەبە دروستکردووبوو و ئەو یانەیەیان، ھەراسان کردبوو.
 
یانەی زاخۆ لە یاریی یەکەمدا بە پێکھاتەی 4-3-3 یان 4-2-3-1 یاریی کرد. یاریزانەکان بە تەواوی پابەندی تەکتیکی راھێنەرەکەیان بوون. بەڵام یانەی زاخۆ لە یەکلاییکردنەوەی ھێرشەکان لاواز بوون، نەیاندەتوانی ھەلەکان بقۆزنەوە و تۆڕی یانەی تەڵەبە بھەژێنن.  لە بەرامبەردا یانەی زاخۆ لە باڵەکانەوە ئاستێکی بێوێنەیان پێشکێشکرد، بەتایبەت ئەمجەد عەتوان، وەک ھێرشبەری نادیار لەدەرەوەی چاودێری یاریزانانی یانەی تەڵەبە، رۆڵێکی گرنگی گێڕا و یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکانی یانەکە. 
 
هەرچی نەورۆزە، لە یاریی یەکەمیدا بە پێکھاتەی 4-4-2 یاریی کرد و لە بەشێک لە ساتەکانی یارییەکە شێوازەکەی دەبووە 4-2-1-3 و یاریزان ئۆلیڤێرای ناسراو بە مارادۆنا، دەگەڕایەوە و وەک یاریزانی پشت ھێرشبەر رۆڵی دەبینی، بەڵام ئاستی نزمی یاریزانانی ھێڵی نێوەڕاستی یانەی نەورۆز لە یارییەکەدا، هۆکاربوو بۆ گۆڵ تۆمارنەکردن لەلایەن هێرشبەرانی یانەکەوە.
 
ئەوەی لە یەکەم یاریی هەردوو یانەدا ھەستیپێکرا، زاخۆ ئامادەتر و رێکخراوترە لە نەورۆز، بەڵام نەورۆزیش یەکێکە لە تیپە ھێرشبەرییەکان و یاریکردن بەرامبەرییان ئاسان نابێت.
 
هەولێر – دهۆک 
 
یەکێک لە بەهێزترین رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان یانەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کلاسیکۆی نێوان هەولێر و دهۆکە، ئەو یارییەی قسەوباسێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
 
یانەی هەولێر، دوای بردنەوەی یەکەم یاریی بەرامبەر یانەی دیالە، ئێستا لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەتردایە و دەیەوێت لەناو دهۆک، ژمارەی خاڵەکانی بەرزبکاتەوە بۆ شەش خاڵ. لەبەرامبەردا یانەی دهۆک دوای شکستی یەکەمی خولەکە بەرامبەر زەورا، دەیەوێت لە رێگەی بردنەوەی لە یانەی هەولێر، سێ خاڵی یارییەکە وەربگرێت و بگەڕێتەوە ناو رکابەرییەکان .
 
یانەی هەولێر لە یەکەم یارییدا بەرامبەر دیالە بە ئاستێکی مامناوەندەوە دەرکەوت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو، لێکتێگەیشتنی نێوان یاریزانە نوێیەکان بوو لەگەڵ تیپەکە، بە تایبەت یوسف بن سۆدا و کۆڵن ئەندەرسۆن. خاڵێکی تر لە خاڵە ئەرێنییەکانی یانەی هەولێر ئەوەبوو، بە درێژایی یارییەکە، یانەی هەولێر بە شێوازێکی هێرشبەری یارییکرد و لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی، بەردەوام بوو لە هێرشبردن. خاڵی نێگەتیڤ لە ئاستی هەولێر لە یاریی یەکەمدا، بێتوانایی کۆتایی پێهێنانی هێرشەکان بوو.
 
یانەی دهۆک لە دوای شکستی بەرامبەر زەورا، بووە جێگای رەخنەی هاندەرانی، بەهۆی ئەوەی لە یارییەکە چاوەڕوانی ئاستێکی باشتریان لە یانەکە دەکرد. بەڵام لە ئاست چاوەڕوانی هاندەرانیان نەبوون. 
 
تەکتیکی دهۆک و هەولێر یارییەکە بەرەو کوێ دەبات؟
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی هەردوو یانە لە گەڕی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی هەولێر ئامادەتر و رێکخراوتر دەبینرێت بەراورد بە یانەی دهۆک، بەڵام یانەی دهۆک لە یاریگای خۆیدا تیپێکی بەهێزە، لە زۆرینەی یارییەکانیشیدا لەسەر یاریگەی خۆی، هێرشبەرییانە دەردەکەوێت.
 
مەسعود میرال، لە یارییە دۆستانەکان و یارییەکەیان بەرامبەر زەوڕا، بەرگریکارەکانی دەهێنایە سەر بازنەی هێڵی نێوەڕاست، بە مانایەکی دیکە، یانەکە زۆر لە پێش یاریی دەکات، ئەو شێوازەی کە بەبەرگری بەرز ناسراوە، ئەمەش شێوازێکە لە بەرامبەر تیپێکدا کە هێرشبەری خێرای هەبێت و پشت بەهێرشی پێچەوانە ببەستێت، تیپەکە دووچاری سەرئێشەی زۆر دەکات.
 
بەرگرییە بەرزەکەی دهۆک، بۆ سەمیر بابۆی راهێنەری هەولێر، شێوازێکی دڵخوازە، لەبەرئەوەی بابۆ لە وەرزی رابردووەوە، کار لەسەر ئەوە دەکات، تۆپ هەڵبداتە پشت بەرگریکارەکانی تیپی بەرامبەر و لەو رێگەیەوە مەترسی بخاتە سەر گۆڵی تیپە رکابەرەکانی، هەربۆیە ئەگەر  لە یارییەکەدا مەسعود میرال سوور بێت لەسەر ئەم شێوازی یارییکردنە، لەوانەیە باجی گەورە بدات. بیریشمان نەچێت لە یارییە دۆستانەکەی نێوانیان، هەولێر چوار گۆڵی لە یانەی دهۆک کرد و هەر بەو شێوەیە بەرامبەر کارەباش یارییکرد و چوار گۆڵی لێکرا.
 
لە بەرامبەردا یانەی هەولێر، کێشەی ناهاوسەنگیی لە باڵەکانی بەرگری هەیە، بە جۆرێک کاتێک خالید کوردئۆگلوی بەرگریکەری چەپی یانەکە سەردەکەوت، لە دوای خۆی پانتاییەکی زۆری بەجێدەهێشت بۆ یاریزانەکانی دیالە، لە زۆربەی ساتەکانی یارییەکە یاریزانەکانی دیالە لە رێگەی باڵەکانەوە بە ئاسانی دەگەیشتنە سەر گۆڵی هەولێر و گۆڵی دیالەش هەر لە رێگەی هاتنەژوورەوەیەکی باڵەوە تۆمارکرا، دەکرێ بە چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیە، دهۆک گورزی کوشندە لە تیپەکەی بابۆ بدات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یارییەکی پێشووتری ئامەدسپۆر

ئامەدسپۆر کێشەی یاریگەی هەیە

یانەی ئامەدسپۆر داواکاریی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا کرد و داوا دەکات یاریی ئەمجارەیان لە شارێکی دیکە بکرێت.