سەرۆکی ریال مەدرید پێشوازی لە خەونەکەی ئەنچیلۆتی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید خەون بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە دەبینێت.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کارلۆ کاتێکی دیاریکراوی بۆ وازهێنان لە راهێنەرایەتی دیاریی نەکردووە، هەر بۆیە بەدووری نازانێت لەگەڵ ریال مەدرید لە کارکردن تاوەکو دوای 2026 بەردەوام بێت کە ئەوکات گرێبەستەکەی تەواو دەبێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید کە بەر لە ساڵێک گرێبەستی ئەو راهێنەرەی نوێکردەوە و چاوەڕێنەبوو تاوەکو کۆتایی وەرز لەسەر ئەنجامەکانی ئەو راهێنەرە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، دڵخۆشە بەبەردەوامبوونی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە مەشقدانی تیپەکە و دەزانێت کاری ئەو راهێنەرە لە رووی تاکتیکی و مرۆیی و سەرپەرشتیکردنی تیپەکەوە هیچ کێشەیەکی نییە.
 
بەپێی میدیاکان، پێرێز پێیوایە، ئەنچیلۆتی تیمێکی هاوکاری هەن کە بەردەوام لە کارکردندان بۆ باشترکردنی دۆخی تیپەکە و ئەو تیمە کە داڤیدی کوڕی ئەنچیلۆتی و پینتۆسی راهێنەری توانای جەستەیی یاریزانەکان لە خۆ دەگرێت، زۆر لێبڕاوانە کاردەکەن، هەر بۆیە پێرێز پێیوایە سەردەمی تاقیکردنەوەی راهێنەران لە یانەکە کۆتاییهاتووە، بەتایبەت کە تیپەکە کاری لەگەڵ چەندین راهێنەری وەک مانوێل پیلیگرینی، رافا بینیتێز و جۆلین لۆپیتیگی کرد، بەڵام ئەنجامی بەدەستنەهێنا.
 
بەبۆچوونی سەرۆکی ریال مەدرید، ئەنچیلۆتی ئێستا لە دۆخێکی نموونەییدایە و پشتگیریی تەواوی هاندەران و کارگێڕیی یانەکەی هەیە بۆ ئەنجامدانی کاری باشتر و گەشەکردنی زیاتر.
 
وەک میدیاکان دەڵێن، کارلۆ ئەنچیلۆتیش ئەوە باش دەزانێت کە پێوانەی سەرەکیی بۆ سەرکەوتنی ئەو لە کارەکەیدا، بەدەستهێنانی نازناوەکانە.
 
ئەگەرچی پێشتر میدیاکان باسیان لە ویستی سەرۆکی ریال مەدرید دەکرد بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ، یان یۆرگن کلۆپ بۆ مەشقدانی تیپەکە، بەڵام پەیوەندیی باشی ئەنچیلۆتی لە ریال مەدرید، وادەکات هەموو ئەگەرێکی گۆڕانکاری بەمنزیکانە روونەدات.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی لە گەڕی دووەمی کارکردنیدا لەگەڵ ریال مەدرید، دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ و نازناوێکی لالیگا و دوو نازناوی سوپەری ئەوروپا و سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێناوە.