ریال مەدرید دەیەوێت کلاسیکۆیەکی دیکە لە بارسێلۆنا بباتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید چاوی لە ئامانجێکی یانەی بارسێلۆنایە و دەیەوێت تیپەکەی بە گواستنەوەی بەهێزبکات.
 
ریال مەدرید لە دوای رۆیشتنی کەریم بنزیما لە یانەکە، لە هێڵی هێرشبەریدا بۆشاییەکی گەورەی هەیە و تاوەکو ئێستا شوێنی ئەو یاریزانە پڕ نەکراوەتەوە و رۆیشتنی کەریم بەتەواوی بە یانەکەوە دیارە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئەڵمانیا، یانەی شاهانە چاوی لە تواناکانی یوسوفا موکۆکۆ، هێرشبەری لاوی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی دەڵێت "ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی زستانەدا، ریال مەدرید هەنگاوەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە چڕبکاتەوە، گرێبەستەکەشی 30 تاوەکو 40 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە میدیای ئیسپانی دەڵێت "ریال مەدرید هیچ پلانێکی بۆ گواستنەوەی زستانە نییە و نایەوێت هیچ یاریزانێکی دیکە بگوازێتەوە."
 
جگە لە ریال مەدرید هێرشبەرە لاوەکەی بۆرووسیا دۆرتموند، لە پلانەکانی یانەی بارسێلۆنا، لیڤەرپوول، یوڤێنتوس و چێڵسی دایە، بەڵام ریال مەدرید دەیەوێت پارەیەکی زیاتر لەوان بداتە دۆرتموند بۆ ئەوەی دەستبەرداری یاریزانەکە ببن.
 
مکۆکۆ یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم ریال مەدرید، بەڵام تاوەکو ئێستا فلۆرێنتینۆ پێرێز، بڕیاری کۆتایی لەبارەی گواستنەوەی هێرشبەرێک نەداوە.