هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی نەیمارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی هیلالی سعودی دەیەوێت بەباشترین شێوە خۆی بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026 ئامادەبکات، بۆ ئەوەش ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بەرازیل.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی لە راپۆرتێکدا دەڵێت "نەیمار پلانی هەیە کۆتایی وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە بەرازیل و جارێکی دیکە بە درێسی یانەی سانتۆسەوە یاریی بکات، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026 ئامادەبکات، کە رکابەرییەکانی لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچن."
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، نزیکەکانی نەیمار ئەم زانیارییانەیان ئاشکراکردووە، کە نەیمار رەتیکردووەتەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ هیلال بۆ 4 ساڵ بێت، لە پێناو ئەوەی کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەرازیل، لەکاتێکدا پێشتر رۆبینیۆش ئەو پلانەی جێبەجێکرد و بەر لە مۆندیالی 2010 گەڕایەوە ئەو یانەیە.
 
سپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، نەیمار پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی سانتۆس هەیە و دەکرێت لە داهاتوودا گفتوگۆ لەبارەی پلانی گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ یانەکە بکەن، بەتایبەت کە نەیمار خۆی ویستی ئەوەی هەیە جارێکی دیکە بۆ سانتۆس یاریی بکاتەوە.
 
گرێبەستی نەیمار لەگەڵ هیلال تاوەکو ساڵی 2025 دەبێت و ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ ساڵی سێیەمی لەگەڵە، بەڵام یاریزانەکە تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانە سعودییەکە ئاستێکی باشی پێشکێشنەکردووە و هاندەران لێی ناڕازین.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاند، نەیمار لە تواناکانی خۆرخی خیسۆس، راهێنەری یانەکەی ناڕازییە و داوای لە کارگێڕیی یانەی هیلال کردووە، ئەو راهێنەرە دووربخەنەوە و گرێبەست لەگەڵ تێتێ، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل بکەن.