هەڕەشە لە یانەی پاریس سانجێرمان دەکرێت

رووداو-هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا داوای لە یانەی پاریس سانجێرمان کردووە  کە دەبێت  8 یاریزان لە یانەکەی بفرۆشێت.

بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی فەرەنسا، یوێفا داوای لە یانەی پاریس کردووە کە دەبێت بەرامبەر هێنانی نەیمار داسێلڤا بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ 8 یاریزانی لە یانەکەی بفرۆشێت.

ئەم داوایەی یوێفا لە کاتێکدایە کە هەر یەک لە یانەکانی ریال مەدرید  و بایرن میونشن، یوڤێنتۆس سکاڵایان لە دژی یانە پاریسییەکە تۆمارکرد بەهۆی  گواستنەوەی نەیمار داسێلڤا بەو بڕە پارە زۆرە و یوێفاش دوای لیکۆڵینەوە ئێستا داوا دەکات پاریس سانجێرمان 8 یاریزانی بفرۆشێت.

هەر بە پێی سەرچاوەکانی فەرەنسا، یانەی پاریس سانجێرمان بۆ ئەوەی لە وەرزی 2018-2019  سزای گواستنەوەی یاریزان نەسەپێندرێت بە سەریدا، ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکە لەگەڵ دەستەی کارگێری و  بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە دەستی بە کۆبوونەوە کردووە سەبارەت بە داواکەی یوێفا.