فلیک بە تەلەفۆنێکی بەپەلە هۆشداری دەداتە لاپۆرتا و دیکۆ

رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا داوا لە خوان لاپۆرتا و دیکۆ دەکات گرێبەستێکی بەپەلە واژۆ بکەن پێش ئەوەی دەرگای مێرکاتۆی هاوینە دابخرێت.
 
پێکانەکەی ئەندرێاس کریستینسن، کە بەهۆیەوە لە نێوان مانگێک بۆ دوو مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ بارسێلۆنا لێدا و هانزی فلیکی راهێنەری تۆقاندووە.
 
بەپێی میدیاکانی نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە، هانزی فلیک کە ئاگاداری ئەو دۆخە سەختەیە، کە هێڵی بەرگرییەکەی پێیدا تێدەپەڕێت، تەلەفۆنەکەی هەڵگرتووە و بەپەلە پەیوەندی بە خوان لاپۆرتاوە و دواتریش دیکۆوە کردووە، و داوای کردووە بەپەلە هێڵی بەرگرییەکەی بەهێز بکەن. 
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، فلیک ئامانجەکەی روونە و دەیەوێت بەرگریکارێکی باڵی بۆ بکڕن، بۆ ئەوەی رێگە بە ژۆل کوندێ بدات بگەڕێتەوە بۆ شوێنی راستەقینەی خۆی وەک دڵی بەرگری و دەڵێن "راهێنەری بارسێلۆنا کڕینی شوێنگرەوەیەک بۆ کریستینسن بە گرنگییەکی گەورە دەزانێت بۆ سەرکەوتنی تیپەکەی لەم وەرزەدا".
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، فلیک پەیوەندییەکی بەپەلەی بە دیکۆ و لاپۆرتاوە کردووە و روونیکردووەتەوە کە پێویستی بە گرێبەستێکی دەستبەجێ هەیە.
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە بە تەلەفۆنەکەی راشکاوانە بە لاپۆرتا و دیکۆی گوتووە "زۆر پێویستم بە یاریزانێکە رێگە بە کوندێ بدات بگەڕێتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی، کە بەڕاستی بەرگرییەکی بەهێز و رێکخراو کلیلی پاراستنی توانای رکابەرییمانە لە لالیگا و چامپیۆنزلیگدا".
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بژاردەی زۆر لەسەر مێزەکە نین، بەڵام روون و ئاشکرایە، لەنێویاندا مارک پۆپیل، یاریزانی ئەلمێریا، یەکێکە لە بژاردەکانی فلیک، کە وەرزی رابردوو سەلماندوویەتی کە یاریزانێکی باشە و توانای خۆگونجاندنی باشە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو بژاردەیەی کە زۆرترین داواکاری لەسەرە لە یانەکە، جواو کانسێلۆی یاریزانە پۆرتوگالییە، کە وەرزی رابردوو کاتێک بەخواستن یاری بۆ بارسا کرد، سەلماندی کە ئەو بەهرە هەمەلایەنەی هەیە کە پێویستە بۆ ئەوەی بەتەواوی لە سیستمی تیپەکەدا جێی ببێتەوە، بەڵام تێچووی زۆر و ویستی یانەکانی دیکە بۆ گرێبەست لەگەڵ کردنی هاتنی ئەو قورس دەکەن.
 
دیکۆ و لاپۆرتا، ئەگەرچی لە فلیک تێگەیشتوون و هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ بەجێهێنانی ئەو داواکارییەی، بەڵام کێشەی دارایی یانەکە بەربەستێکی گەورە و قورسی بەردەم پرۆسەکەن.