هەواڵی ناخۆش گەیشتە بارسێلۆنا

26-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی ئۆلمۆ لالیگا
A+ A-
رووداو دیجیاتڵ

میدیاکانی کەتەلۆنیا، هەواڵێکی ناخۆش بە هاندەرانی بارسێلۆنا رادەگەیێنن و دووپاتی دەکەنەوە کە بارسا هێشتا زۆر هەنگاوی ماوە تاوەکو بتوانێت ناوی دانی ئۆلمۆ تۆماربکات.
 
بارسێلۆنا دوای ئەوەی دانی ئۆلمۆی بە زیاتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانی گواستەوە، لە دوو گەڕی یەکەمی لالیگادا نەیتوانی یاری پێبکات، بەو پێیەی هێشتا ناوی تۆمار نەکراوە، بەهۆی یاساکانی یاریی دارایی خاوێن.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "دەرچوونی کلیمێنت لێنگلێی یاریزانی فەرەنسی و پەیوەندیکردنی بە یانەی ئاتلێتیۆ مەدریدەوە گرنگە، بەڵام هێشتا بەس نییە بۆ ئەوەی دانی ئۆلمۆ تۆمار بکرێت". 
 
تیڤی3ـی ئیسپانی، لەو بارەیەوە هەواڵی ناخۆشی بۆ کەتالۆنییەکان پێیە و دەڵێت، بۆ ئەوەی ئۆلمۆ تۆمار بکرێت، بارسێلۆنا دەبێت چەند هەنگاوێک بهاوێژێت و ئەم کارانە ئەنجام بدات:
 
1 ـ پێویستە یاریزانی زیاتر لە بارسێلۆنا بڕۆن.
 
2 ـ دۆزینەوەی کڕیارێک بۆ پشکەکانی بارسێلۆنا ڤیژن.
 
3 ـ واژۆکردنی رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای نایک.
 
4 - ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی گەرەنتییەکی کەسی نوێ پێشکەش بە خولەکە دەکەن. بە واتایەکی دیکە دابینکردن و دانانی گەرەنتییەکی دارایی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرایەتی یانەکە، وەک ئەوەی پێشتر بارسا بۆ تۆمارکردنی ناوی ژول کۆندێ و ئینیگۆ مارتینێز بەکاریهێناوە.
 
هەموو ئەو هەنگاوانە پێویستن بۆ ئەوەی بارسێلۆنا بتوانێت ناوی ئۆلمۆ تۆماربکات و لە یارییەکاندا بەشداری پێبکات، کە بێگومان بەجێهێنان و ئەنجامدانی ئەو هەموو هەنگاوانە ئاسان نابن و لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر ئۆلمۆ ناچاربکات چاوەڕێ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە درێسی بارساوە یاری بکات.
 
پێشتر چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە یاریزانەکە باسیان لەو کردووە کە ئۆلمۆ و دەوروبەری بێزار و تووڕەن لە بارسێلۆنا و کارگێڕییەکەی، بەتایبەتیش خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە، چونکە هەست دەکەن فێڵیان لێکردووە و بە درۆ پێیان گوتووە کە هیچ کێشەیەکیان نابێت لە تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ لە لیگادا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە