فیفا روبیالێسی سڕ کرد

رووداو دیجیتاڵ

 

فیفا بڕیاریدا لویس روبیالێس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، بۆ ماوەی سێ مانگ لە کارەکانی سڕ بکرێت، بەشێوەیەکی کاتی تاوەکو تەواوبوونی لێکۆلینەوەکان.
 
وێڕای داوای لێبوردن و سووربوون لەسەر مانەوە لە پۆستەکەی و دەستلەکارنەکێشانەوە، لویس رۆبیالس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە لایەن فیفاوە سزا درا، بەهۆی ئەوەی رۆبیالیس لە رێوڕەسمی یاریی کۆتایی مۆندیالی خانماندا لە ئوسترالیا و لە کاتی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەبردنەوەی نازناوەک بە ماچکردنی جینیفەر هێرمۆسۆ، هەڵایەکی گەورەی میدیایی نایەوە و ماوەی چەندین رۆژە بووەتە باسوخواسی میدیاکان و رای گشتی لە ئیسپانیا.
 
روبیالێس لە دوا هەڵوێستی خۆیدا رایگەیاند لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت و دەستلەکارناکێشێتەوە، بەڵام ئاراستەی رووداوەکان لە دژی ئەو سەرۆک فیدراسیۆنە، تووندتر و گەورەتر بوون و فیفا بەپەلە هەڵوێستی وەرگرت و سزای دا.
 
فیفا بڕیاریدا، روبیالێس لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، بۆ ماوەی 90 رۆژ سڕ بکرێت، و بڕیارەکە لەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.
 
لە دوای سووربوون لەسەر مانەوە لە پۆستەکەی، یاریزانانی کوڕ و کچی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە بڵاوکراوەیەکی توونددا دژی سەرۆکەکەیان وەستانەوە و رایانگەیاند تاوەکو رۆبیالیس لە سەرۆکایەتیکردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەردەوام بێت، ئەوان یاریی بۆ هەڵبژاردەکە ناکەنەوە.
 
هەروەها سەرۆکی تۆپی پێی ئافرەتان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکە راگەیاند.