ڤیدیۆ؛ لایپزیگ بە نیو کاژێر 5 گۆڵ تۆمار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی لایپزیگ لە ماوەی نیو کاژێردا 5 گۆڵی کرد و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا
 
دوای ئەوەی لە یەکەم یاری وەرزی بوندێسلیگادا، بەرامبەر بایرلیڤەرکوزن دۆڕا، لایپزیگ لە گەڕی دووەمی خولەکەدا تەقییەوە و بە ئەنجامی 5-1 لە یانەی شتوتگارتی میوانەکەی بردەوە.
 
سێرهۆ جیراسی لە خولەکی 35 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی شتوتگارت تۆمارکرد.
 
لە نیوەی دووەمدا، گۆڵی یەکەمی خاوەن یاریگە لە رێگەی بنیامین هێنریکیسەوە لە خولەکی 51 تۆمارکرا.
 
ئینجا دانی ئۆلمۆ لە خولەکی 63 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد. 
 
لویس ئۆبێندا لە خولەکی 66 گۆڵی سێیەمی خاون ماڵی تۆمارکرد. ئینجا کیڤن کامپبێل و چاڤی سیمۆنسیش بە دوو خولەک، لە خولەکەکانی 74 و 76 دوو گۆڵی دیکەیان تۆمارکرد.
 
بەم سەرکەوتنە لایپزیگ بە سێ خاڵ چووە پلەی دووەمی ریزبەندی لە دوای بایرن میونشنی پێشەنگ. شتوتگارتیش سێ خاڵی هەیە و لە پلەی پێنجەمدایە.