ڤیدیۆ؛ ئەمشەو ئەگەری هەیە لە یاریگەی پارک دو فرانس داهاتووی ئێمباپێ ئاشکرا ببێت

26-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
Photo by Charly TRIBALLEAU / AFP
Photo by Charly TRIBALLEAU / AFP
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پاریس سانجێرمان لە پارک دو فرانس میوانداریی لانس دەکات و ویستی بەدەستهێنانی یەکەم بردنەوە لە وەرزی ئەمساڵی خولی فەرەنسا بەسەر دەروونی هاندەرانی ئەو یانەیەدا زاڵە، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی وەڵامی پرسیارە گەورەکەن، کیلیان ئێمباپێ بڕیاری چی دەدات.
 
سانجێرمان و هاندەرەکانی پێ دەنێتە سێیەم یاریی خۆیانەوە لە خولەکەدا و پاش دوو یەکسانبوونی لەسەریەک، بەدوای یەکەم سێ خاڵدا دەگەڕێن، بەڵام ئەوەندەی بردنەوەی یارییەکە بۆ هەمووان گرنگە، دوو هێندە ئەوە گرنگە باسوخواسی گرێبەستەکەی کیلیان لەگەڵ تیپەکەدا یەکلاببێتەوە.
 
رووداوەکانی پەیوەست بە دۆخی کیلیان ئێمباپێ و چارەنووسی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا لەسەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە سەریانهەڵداوە. بەدرێژایی رۆژانی بازاڕەکە، هەڵچوون و داچوونی زۆر بە دۆخەکەوە بینرا، میدیاکان دەڵێن ئیدی چاوەڕوانیی کۆتایی دێت و ئەمڕۆ هەموو شت یەکلا دەبێتەوە.
 
یانەی پاریس سانجێرمان بەبێئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات، لە بڵاوکراوەیەکدا داوای لە هاندەرەکانی کردووە کاژێر بەر لە یارییەکە لە یاریگەدا ئامادەبن.. هەندێک سەرچاوەی میدیایی دەڵێن هۆکاری ئەو بانگهێشتە پێشوەختە بۆ ئامادەبوونە لە رێوڕەسمێکی سادە بۆ ناسانی یاریزانە نوێیەکان، بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیکە دەڵێن، لە دوای ئەو رێوڕەسمە و پاش یارییەکە، پێشبینیکراوە کیلیان ئێمباپێش مایکی یاریگەکە بەدەستەوە بگرێت و بڕیاری خۆی بە هاندەرانی یانەکە رابگەیەنێت.
 
میدیاکان نەخشەڕێی دوو سیناریۆی جیاوازیان بۆ قسەکانی ئەمشەوی ئێمباپێ داناوە.
 
هەندێک لە میدیای فەرەنسی دەڵێن کیلیان دوا دەستەوارەی پاریس سانجێرمانی رەتکردووەتەوە کە چوارشەممەی پێشوو پێشکێشی کراوە بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ یانەکە، هەر بۆیە پێشبینیکراوە ئەو یاریزانە ئەمشەو رایبگەیەنێت هەموو ئۆفەرێکی دیکەی یانەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتدەکاتەوە و بەوەش تاوەکو هاوینی داهاتوو وەکئەوەی لە گرێبەستەکەیدا هەیە لەگەڵ سانجێرمان بەردەوام دەبێت بەرلەوەی بەیەکجاری لە دەرگای گەورەی یانەکە، بچێتە دەرەوە.
 
ئەو سەرچاوانەی سیناریۆکە بەو ئاراستەی دەبینن، دەڵێن بێگومان سانجێرمان ئەوە قبووڵ ناکات بەخۆڕایی دەستبەرداری ئێمباپێ ببێت، هەربۆیە پێشبینیکراوە ئیدی ریال مەدرید بێتە سەر هێڵ و بەوەش سیناریۆکە بگاتە خاڵی کۆتایی و کیلیان ئەمساڵ لە یانەکە بڕوات.
 
سیناریۆی دووەمی داڕێژراو لەلایەن سەرچاوە میدیاییەکانەوە لەبارەی رووداوەکانی ئەمشەوی نێو پارک دو فرانس، ئەوەیە کە وەک هەندێک سەرچاوە دەڵێن، کیلیان ئێمباپێ بەبێدەنگی یاریگە بەجێدەهێڵێت، پاشئەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی لەگەڵ سانجێرمان لە رێگەی میانگیرە قەتەرییەکانی خاوەنی یانەکەوە دەستپێدەکات بەئومێدی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام دیار نییە ئەو نوێکردنەوەیە بۆ یەک ساڵ دەبێت، یان بۆ چەند ساڵێک و ئیدی بەیەکجاری هەموو شت لەبارەی خەونی ئەو یاریزانەوە لە یاریکردن بۆ ریال مەدرید، بەیەکجاری کۆتایی دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).