وریا غەفووری: بانگهێشتنەکردنم بۆ هەڵبژاردەی ئێران پەیوەندی بە تۆپی پێوە نییە

26-08-2021
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وریا غەفووری، یاریزانی بەنێوبانگی کورد و کاپتنی یانەی ئیستقلالی ئێرانی، لەبارەی هۆکاری بانگهێشتنەکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئێران، دەڵێت "بانگهێشتنەکردنم پەیوەندی بە تۆپی پێوە نییە و ماوەیەکی زۆرە هێڵی سووریان بەسەر ناوی مندا هێناوە".

رۆژی چوارشەممەی رابردوو لیستی ناوی ئەو یاریزانانە ئاشکراکرا، کە بۆ هەردوو یاری بەرامبەر هەڵبژاردەکانی سوریا و عێراق، لە دوایین قۆناخی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر بانگهێشتکراون، بەڵام جارێکی دیکە ناوی وریا غەفووریی تێدا نەبوو.

وریا غەفووری بە رۆژنامەی خەبەری وەرزشیی ئێرانی گوتووە "ماوەیەکی زۆرە هێڵی سووریان بەسەر ناوی مندا هێناوە، جگە لەوە هیچ هۆکارێکی دیکەی نییە کە بۆ یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێران بانگهێشت نەکراوم".

سەبارەت بەوەی دراگان سکۆچیچی راهێنەری کرواتیی هەڵبژاردەی ئێران، گوتوویەتی "هیچ کەسێک دەستێوەردان لە کاروباریدا ناکات"؟ وریا غەفووری دەڵێت "پاساوەکانی راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران بە هیچ شێوەیەک راست نین و بۆ من مایەی قبوڵ نین".

وریا غەفووری تاوەکو ئێستا 27 یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئێران کردووە، یەکەم یاریی بۆ ئەو هەڵبژاردەیە لە ساڵی 2014 بووە و دوایین جاریش ساڵی 2019 چوار یاریی بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانیی ئێرانی کردووە، بەڵام بۆ هەردوو مۆندیالی ساڵانی 2014 و 2018 بانگهێشت نەدەکرا.

ئەو یاریزانە کوردە، دەڵێت "بۆ جامی جیهانیی 2014 تەواو ئامادەبووم و وەک ئاوی خورادنەوە وابوو بۆم و ساڵی 2018ـش هەموو کەس دیتی کە چۆن مافی مانیان خوارد".
 
بەگوتەی خۆی ئەو هەموو مەرجەکانی هەبووە کە لەو یارییانەدا بەشداری بکات و تەنانەت پێویستییان بە یاریزانێکی وەک ئەویش هەبووە کە هەم لە هێڵی بەرگریدا بێت و هەمیش بتوانێت بەشداری لە هێرشەکانی تیپەکەیدا بکات.

وریا غەفووری، خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و چەند ساڵێکە کاپتنی یانەی ئیستقلالە، کە یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی ئێران. 

ئەو پێشتریش بۆ ژمارەیەک لە یانەکانی دیکەی ئێران لە خولی پلە نایابەکانی ئەو وڵاتەدا یاریی کردووە، بەڵام لە ساڵی 2016ـەوە یاریی بۆ ئیستقلال دەکات.

وریا غەفووری یاریزانێکی خاوەن هەڵوێست بووە و هەمیشە لە ئاست بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆچوونی خۆی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەربڕیوە.

لە شوباتی ساڵی 2019 وریا غەفووری و عەلی کەریمی، یاریزانانی پێشووی بژاردەی ئێران رەخنەیان لە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران گرت، لەبەرئەوەی گوتبووی "ئێمە لەبەر خەڵکی فەلەستین لەژێر گوشارداین و شانازیی پێوە دەکەین".

وریا غەفووری لە وەڵامدا گوتی "بەڕێز زەریف تۆ کە دەڵێی شانازیی دەکەیت کە لەبەر خەڵکی فەلەستین، لوبنان، یەمەن و سوریا گوشارتان لەسەرە، ئەوە بزانن کە ئەوە ئێوە نین لەژێر گوشاردان، بەڵکو خەڵکی ئاسایین لەژێر گوشاردان".

دوابەدوای ئەوە سەیدعەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، کاردانەوەی نیشاندا و گوتی "هەندێ کەس سوود لە ئەمن و ئاسایشی وڵات وەردەگرن و کار و وەرزشی خۆیان دەکەن و دواتر خوێدان دەشکێنن".

ساڵی 2019ـش بەر لەوەی یاریی ئیستقلال و یانەی نەوت دەستپێبکات، بۆ رێزگرتن لە سەحەر خودایاری، یاریزانانی ئیستقلال درێسی رەشیان لەبەرکردبوو و لەسەریان نوسیبوو "کچی شین". ئاژانس فارس نزیک لە سوپای پاسداران گوتی "ئەوە کاری کاپتنی ئیستقلال بووە".

سەحەر خودایاری هاندەری یانەی ئیستقلال بوو، ئەو چووبووە یاریگە بۆ ئەوەی یاریی ئیسقلال ببینێت، بەڵام دواتر دەستبەسەر و بە زیندان مەحکوم کرا، بۆ نیشانەی ناڕەزایەتی لەوە ئاگری لە خۆی بەردا و گیانی لەدەستدا. لەو کاتەوە بە کچی شین دەناسرێت، شین رەنگی درێسی یانەی ئیستقلالە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە