بۆمبی مێسی لە میدیادا

هەواڵی رۆیشتنی مێسی لە میدیادا


رووداو دیجیتاڵ

ناردنی فاکسێک لە مێسییەوە بۆ یانەی بارسێلۆنا و داواکردن بۆ رێگەدان بە رۆیشتن لە یانەکە، هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکرد، مێسی لاپەرەی رۆژنامە وەرزشی و تەنانەت سیاسییەکانی دونیاشی پڕ کردووە و هەریەکە و بەشێوەیەک باسی ئەو بۆمبەی لیۆ دەکات، کە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرووی بارسێلۆنادا تەقییەوە.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، وێنەیەکی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەی داناوە و نووسیوویەتی، بۆمبی مێسی، دەیەوێت بڕوات، کارگێری یانەکەش داوا دەکات تاوەکو کۆتایی کاروانی یارییکردنی لە یانەکە بمێنێتەوە.

موندۆ دەڵێت، مانگێکی دیکە تەمەنی مێسی لە ریزەکانی یانە شین و سوورەکەدا دەبێتە 20 ساڵ، کارگێری یانەکەش پێی وایە ئەو میراتێکی گەورەی یانەکەیە و بۆ کەسی دیکە ناشێت.

رۆژنامەی سپۆرت کە بەهەمان شێوە نزیکە لە یانەی بارسێلۆنا، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا وێنەیەکی مێسیی بە دڵتەنگییەوە داناوە و نووسیوویەتی، شەڕێکی تەواو، کە مەبەست لێی شەڕی کارگێری بارسێلۆنایە بۆ هێشتنەوەی مێسی و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، کارگێری یانەکە بە مێسیی گوتووە، ئەو وادەیە کۆتاییهاتووە کە دەتوانیت بۆ رۆیشتن پشت بەو بەندەی گرێبەستەکەت ببەستیت کە رێگەت دەدات بێبەرامبەر بڕۆیت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ناوی ئەو یانانە کردووە کە رکابەری لەسەر گواستنەوەی مێسی دەکەن و دەڵێت، پاریس، مان سیتی و مان یونایتد بۆ گواستنەوەی لەسەر هێڵن.

رۆژنامەی ئەی ئێس، لەبارەی مێسییەوە نووسیوویەتی، ماڵئاواییکردن لە رێگەی پڕۆ فاکسەوە، کە مەبەست لێی ئەو فاکسەیە کە مێسی بۆ یانەکەی ناردووە، مێسی داوای رۆیشتن لە یانەکەی دەکات، کارگێری یانەکەش داوای مانەوە دەکات سەرەرای ئەوەی کە دەتوانێت بە زیاتر لە 222 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە بفرۆشێت.

رۆژنامەی مارکای بەنێوبانگ کە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەردەچێت، نووسیوویەتی بۆمبەکە تەقییەوە، دەیەوێت لە بارسا بڕوات، مێسی لە رێگەی پڕۆفاکسەوە داواکاریی رۆیشتنی بۆ یانەکەی ناردووە و دەیەوێت بڕوات، ئەمەش بەپێی ئەو بەندەی لە گرێبەستەکەیدا هەیە.

رۆژنامەی ئێل کۆرێیۆی ئیسپانی، رۆژنامەیەکی سیاسییە، ئەمیشیان بە گرنگییەوە باسی ئەو فاکسەی مێسی دەکات و دەڵێت، ئەفسانەی مێسی لە بارسا کۆتاییدێت، ئەو کەسەی لە مێژووی تۆپی پێ لە هەمووان بەنێوبانگترە بە یانەکەی گوتووە دەمەوێت بڕۆم.

رۆژنامەی لا ڤان گواردیا، رۆژنامەیەکی دیکەی ئیسپانیا، ئەو لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا، نووسیوویەتی مێسی لە رێگەی فاکسەوە ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا دەکات.

رۆژنامەی لێکیپی بەنێوبانگ لە فەرەنسا، وێنەیەکی مێسیی داناوە و بە پرسیار نووسیوویەتی، ماڵئاوا؟ 

لێکیپ دەڵێت، مێسی بە بەرپرسانی بارسێلۆنا گوتووە دەیەوێت بڕوات، مان یونایتد، مان سیتی و ئینتەر بۆ گواستنەوەی مێسی لە رکابەریدان.

رۆژنامەی کۆریێری دێللۆ سپۆرتی ئیتالی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لە پاڵ ئەو هەواڵە گرنگانەی لەبارەی تۆپی پێی وڵاتەکەی هەیەتی، وێنەیەکی مێسیی داناوە و نووسیوویەتی، شۆکی رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا.