مێسی تەنیا بە رۆیشتنی بارتۆمیۆ لە بارسا دەمێنێتەوە

بارتۆمیۆ، مێسی و کۆمان

رووداو دیجیتال

دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی بارسێلۆنا داوای لە یانەکەی کرد رێگەی پێبدەن بڕاوت، بوومەلەرزەیەک جیهانی گرتەوە، کە دۆست و دوژمنانی مێسی تووشی شۆک کرد.

وادیارە کێشەی مێسی لەگەڵ کارگێڕی یانەکە و جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەکە گەیشتووەتە بنبەست، کە بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی بارسا، مێسی لەنێو هەموو یاریزانانی یانەکەدا بە بارتۆمیۆی گوتووە "تۆ 3 ساڵە ناپاکیم لەگەڵ دەکەی".

ئەم قسەیەی مێسی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لیۆ 3 ساڵە بەرگەی بێسەروبەری کارگێڕی یانەکە و سەرۆکەکەی دەگرێت، بەڵام وادیارە دۆڕانە گەورەکەی مێسی و هاوڕێکانی بە بایرن میونشن بۆمبەکەی تەقاندەوە، کە ئیدی روونە مێسی چیدی بەرگەی بێباکی سەرۆکەکەی ناگرێت و لە کۆتاییدا ناچاربوو بڕیارە هەرە ناخۆشەکەی ژیانی بدات و خۆشەویستترین یانەی جێبهێڵێت.

بارتۆمیۆ لەوەتەی بووەتە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، ئەو یانەیە کە هەمیشە بە باشترینی جیهان وەسفکراوە، بەرەبەرە گەورەیی و هەیبەتی خۆی لەدەستداوە و هەمیشە لە چامپیۆنزلیگدا بەشێوەیەکی ئابڕووبەرانە دەرکراوە، کە زۆر لە چاودێران پێیانوایە بارتۆمیۆ و دارودەستەکەی بۆ شاردنەوەی ئەو زیانە ئابوورییەی بەسەر یانەکەیاندا هێناوە، هەمیشە لایەنی یاریکردن و دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێزیان کردووەتە قوربانی، تەنانەت مێسی پێیوایە بارتۆمیۆ هەمیشە درۆی لەگەڵ کردووە، بەتایبەتیش لە هەوڵەکانیدا بۆ گەڕاندنەوەی نەیمار داسیلڤای بەرازیلی، کە ئەو یاریزانە لەسەر بنەمای بەڵێنەکانی بارتۆمیۆ لەگەڵ یانەکەی و جەماوەرەکەی کەوتە جەنگەوە و لە کۆتاییشدا بارتۆمیۆ کاری پێویستی نەکرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانە و نەیمار و مێسی بێئومێدکرد.

هەموو ئەوانەی مێسی و بارسایان خۆشدەوێت، حەزدەکەن ئەم ىریارەی مێسی خەون بێت نەک راستی، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکانی رۆژنامەڤانی دەڵێن "مێسی بریاری کۆتایی خۆی داوە و جددیە لە جێهێشتنی ریزەکانی بارسا".

هەندێکیش پێیانوایە ئەمە گوشارێکە لە مێسییەوە بۆ ئەوەی بارتۆمیۆ دەستلەکاربکێشێتەوە، هەندێکیش دەڵێن مێسی بریاری خۆی داوە، بەڵام ئەگەر بارتۆمیۆ و دارودەستەکەی بڕۆن، لەوانەیە مێسی بمێنێتەوە.

هەرچۆنێک بێت، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە چیدی شوێنی بارتۆمیۆ و مێسی چیدی پێکەوە نابێتەوە، ئیدی کامپ نو بۆ یەکێکیانە.