واندا نارا هەڵوێستی ئیکاردی و داهاتووی لەگەڵ ئینتەر ئاشکراکرد


رووداو - هەولێر

واندا نارا، هاوژین و بەڕێوەبەری کارەکانی ماورۆ ئیکاردی، هێرشبەری یانەی ئینتەرمیلان، هەڵوێستی یاریزانەکەی بۆ رۆیشتن لە یانەکە ئاشکراکرد.

نارا بە رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی راگەیاندووە، بەرای من، ئیکاردی لە ئینتەرمیلان دەمێنێتەوە.

واندا زیاتر دەڵێت، ئیکاردی چەند دەستەوارەیەکی رەتکردووەتەوە، من کاری خۆم دەکەم بۆ قسەکردن لەگەڵ یانەکانی دیکە، بەڵام ئەو بڕیاری کۆتایی دەدات.

بەڕێوەبەری کارەکانی ئیکاردی ئەوەشی راگەیاند، دەڵێن ئەو لەگەڵ یوڤێنتوس رێککەوتووە یان دەچێتە ناپۆلی، من ناتوانم لە جێگەی ئەو بڕیاربدەم و چەک لەسەر سەری دابنێم، ئەو دەیەوێت لە ئینتەر بمێنێتەوە.

دەربارەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی، نارا گوتی، ئەو راهێنەرێکی زۆرباشە و یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان، بەڵام ئەوە ئەوەدەکات کە کۆمپانیای سپۆنسەر و خاوەنی یانەکە پێی دەڵێت.

لەبارەی دەنگۆی چاوەڕێکردنی یوڤێنتوس هاوژینی هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە گوتی، ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باسی ئەوە دەکەن ئیکاردی چاوەڕێی یوڤێنتوس بێت.